مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە پێشكەوتنێكی زانستی مێژوویی، پزیشكانی نەشتەرگەری لە شاری بۆستن لە ویلایەتی ماساشوستس، گورچیلەیەكی بەرازیان بۆ نەخۆشێكی زیندوو چاند كە بەدەست لەكاركەوتنی گورچیلەوە دەیناڵاند.
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لە ئاژانسی WBZ-Newsی ئەمەریكی بڵاوكراوەتەوە، ڕیك سلەیمانی تەمەن 62 ساڵ، چەندین ساڵە بە دەست پووكانەوە و ئازاری گورچیلەوە دەناڵێنێت و ساڵی 2018 گورچیلەی مرۆڤی بۆ چێندرا، بەڵام دوای 5 ساڵ گورچیلەكە شكستی هێنا.
هەر وەكوو WBZ-News لە ڕاپۆرتەكەی دا ئاماژەی بۆ كردووە لە 21 ی مانگی سێدا، سلەیمان كە لە بارودۆخێكی خراپی تەندروستی ژیانی دەكرد، بۆ یەكەمین جار لەلایەن پزیشكانی نەشتەرگەری شاری بۆستن گورچیلەی بەرازی بۆ چێندرا و دوای دوو هەفتە مانەوە لە ژێر چاودێری، دوێنێ بە تەندروستییەكی باش نەخۆشخانەی بەجێ هێشت.
سلەیمان بەر لە جێهێشتنی نەخۆشخانە بە ڕاگەیاندنكارانی گوت “ئەمڕۆ بە تەندروستییەكی باشەوە نەخۆشخانە جێ دەهێڵم، ئێستا ئەوە ڕاستییە و یەكێكە لە خۆشترین ساتەكانی ژیانم، بە پەرۆشەوەم كات لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و ئازیزانم بەسەر ببەم، بەبێ ئەوەی ترسم لە نەخۆشی گورچیلە هەبێت كە بۆ ماوەی چەندین ساڵ كاری كردە سەر ژیانم.”
دوابەدوای نەشتەرگەرییەكە، بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەكە ڕایگەیاند “ئەمڕۆ تەواوبوونی سەركەوتووانەی چاندنی یەكەم گورچیلەی بەراز كە لە ڕووی بۆماوەیییەوە دەستكاری كراوە بۆ مرۆڤێكی زیندوو ڕادەگەیەنین.”
گوتیشی “ئەمە پێشكەوتنێكی گەورەیە لە بواری چاندنی ئەندامەكانی جەستەدا، چونكە ئێمە زۆر نەخۆشمان هەیە كە چاوەڕێی چاندنی گورچیلە دەكەن لە لیستی بەخشەرە مردووەكاندا، زۆربەیان هەرگیز ناگەنە لووتكەی لیستەكە بۆ ئەوەی بەڕاستی چاندنی گورچیلەیان بۆ بكرێت”.
دەشڵێت “ئەمە هیوایەكی زۆر بۆ ئەم نەخۆشانە زیاد دەكات كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەدیلەكانیان دەبێت.”