بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى سۆران: ئەشکەوتی شانەدەر وەک مۆزەخانەیەکی مێژوویی مرۆڤایەتی نیشان دەدەین
ئەو دۆزینەوە نوێیە دەروازەیەکی دیکەی گەشتیاریی شوێنەوارناسی دەبێت بۆ ئیدارەى سۆران
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
دوای ئەوەی تیمێکی بەریتانی لە ساڵى 2018، کەللـەسەری مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتى شاندەر لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دەدۆزنەوە، دوێنێ پێنج شەممە 2ى ئایارى 2024، د. ئێما پۆمرۆی، زانای بواری بەبەردبوون رایگەیاند” ئەو کەللـەسەرەى لە ئەشکەوتى شاندەر دۆزرایەوە، خانمێکى نیاندەرتاڵەو 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاوە”. ئەو هەواڵە دەنگدانەوەیەکى جیهانى بەدواى خۆیدا هێنا.
ئەو ئافرەتە نیاندەرتاڵەى، کە 75 هەزار ساڵ پێش ئێستە لە شاندەر ژیاوە، ڕاگەیاندنەکانی جیهانی تەنییەوە

وێنەى ئەشکەوتى شاندەر لە سنوورى ئیدارەى سۆران
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەرى گشتیى گەشتوگوزارى سۆران لەمبارەیەوە بە زاى کرمانجى ڕاگەیاند: ” ئەم دۆزینەوە نوێیە بێ وێنەیە، بۆ دەستەی گەشتوگوزار بە گشتی و بۆ گەشتوگوزاری سۆران بەتایبەتی هەنگاوێکی گرینگ و دەروازەیەکی دیکەی گەشتیاریی شوێنەوارناسی دەبێت، هیوادارین بە زوویى کاری هەڵکۆڵین و توێژینەوە لە ئەشکەوتی شانەدەر تەواو بکرێت، تا بتوانین بە جوانترین شێوە وەکو مۆزەخانەیەکی مێژوویی مرۆڤایەتی نیشانی بدەین”.
گووتیشى ”لە رابردوو و لە ئێستاشدا ئەشکەوتی شانەدەر وێستگەیەکی گرینگی گەشتیاریی بووە، بەتایبەتی بۆ گەشتیارانی بیانی و گەشتیاری زانستی زانکۆ و پەیمانگەو ناوەندەکانی تری خوێندن، کە ڕۆژانە سەردانیان دەکرد”.
ئاماژەى بەوەشکرد ”بەرنامەمان هەیە، لە داهاتوو چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە بۆ ئەشکەوتى شانەدەر زیاد بکەین، بۆ ئەوەى زیاتر سەرنجى گەشتیاران رابکیشێت و سوودى زیاترلە کاتى مانەوە لە شوێنەکە وەربگرن”.
بەڕێوەبەرى گشتیى گەشتوگوزارى سۆران پتر روونیکردەوە، ئەو دۆزینەوە نوێیەى ئەشکەوتی شانەدەر، دەنگدانەوەیەکی گەورەی ڕاگەیاندنى لەسەرتاسەری جیهان دروست کرد و بۆتە هەواڵى سەرەکى بەشێکى زۆر لە کەناڵ و ڕۆژنامە گەورەکانى جیهان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

وەک ئەوەى لە هەندێ هەواڵەکانى جیهانى هاتووە:
”ئەم رووداوە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە زیاتر ناساندنی کوردستان وەک لانکەی شارستانیەت و هاوکات کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی جیهانی شوێنەوارە گرینگەکان و دەبێتە جێی سەرنجی زیاتری گەشتیارانی نێودەوڵەتی”.
”ڕووخساری ژنێکی نیاندەرتاڵی تەمەن ٧٥ هەزار ساڵ لەلایەن تیمێکی شوێنەوارناسانی زانکۆی کامبریجەوە دروستکرایەوە و ناونرا ( شانەدەر Z ) لە ئێستادا ئەم رووداوە گرینگە تەواوی میدیا بەناوبانگەکانی جیهانی تەنیوەو دەیان بابەت بڵاوکراوەتەوە لەسەری”.
”فیلمێکی دیکۆمێنتاریی بەناوی (نهێنی نیاندەرتاڵەکان) کە لەلایەن کەناڵی BBC بەرهەم هێنراوە و لە نێتفلێکس لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەکرێتەوە”.