محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی:
گۆران شاخەوان، خەڵكی قەزای چۆمانی دەڤەری باڵەكایەتییە ماوەی چەند ساڵێكە وەك رۆژنامەوان كاردەكات و ئێستا دووەم بەرگی كتێبی ئەمریكا لە چاوی پەنابەرێك بڵاو دەكاتەوە.
گۆران شاخەوان، بەزاری كرمانجی راگەیاند” دوای سێ ساڵ شەونخونی و رامان بەدیار وشە و دێرەكان، لە كۆتاییدا كتێبی ئەمەریكا لە چاوی پەنابەرێك، دوێنێ ئێوارە لە سەنتەری ئاڵای هەولێر مەڕاسیمێكی بۆ رێكخرا كە كتێبەكە دەبێتە دووەم بەرهەمی چاپكراوی بەندە. لە ٤٨٠ لاپەڕە پێكهاتووە و بە تێروتەسەل مێژووی ئەمەریكا دەگێڕێتەوە، خوێنەر گەشتێك بۆ ئەمەریكا دەكات، بە خەیاڵ لە یەك بە یەكی ولایەت و شارە گەورەكان دەگەڕێ، دەچێتە تایم سكوێر، لەوێ بۆ دوورگەی هوایی، پاشان بازێك بۆ ناشناڵ مۆڵ دەدات، جارجار لەنێو گەرمەی شەڕ و ئاهەنگی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، جارێكی دی دەگەڕێتەوە نێو رووداوەكانی كوردستان، ئینجا لەسەرخۆ بەوپەڕی كەیفوسەفاوە دێتەوە سەر باسی زمان و فەرهەنگی كوردەواری”.
لەبارەی ئەركی بەچاپ گەیاندن و پێداچوونەوە بە كتێبی ئەمریكا لەچاوی پەنابەرێك نووسەر دەڵێت” تێچوی لەسەر ئەركی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتەو هەریەك لە د. حەمە مەنتك، د. گۆران سەباح، محەمەد مێرگەیی پێداچوونەوەیان بە دەقەكەدا كردووە م. كرمانج دیزاینی بەرگ و ناوەڕۆكی بۆ كردووە”.
لەدوا پەیڤەكانی دا گۆران شاخەوان روونی دەكاتەوە گشت داهاتی ئەم كتێبە پێشكەش بە (سندوقی كۆمەك بۆ شێرپەنجە) دەكەم و كتێبەكەش لە ناوەندی ئاوێر بەردەستە، لە چەند رۆژی داهاتوو دەگاتە شار و شارۆچكەكانی دیكە.