مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ماوەی نۆ ڕۆژە، زیاتر لە هەزار سەرباز و پۆلیس، لە ئاسمان و دەریا و زەوی ناوچەیەكی دارستانی باكووری ئەڵمانیا بەدوای منداڵێكی ونبووی تەمەن 6 ساڵان دەگەڕێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەكە ڕاگەیاند “بەداخەوە شەوەكە هیچ پێشكەوتنێكی بۆ ئێمە نەهێنا.”
لە 22ی نیسان، ئاریان ی تەمەن 6 ساڵان كە نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە، لە شارۆچكەی ڕۆتنبێرگ لە هەرێمی لەوەر ساكسۆنی باكووری ئەڵمانیا لە ماڵ چووەتە دەرەوە و دیار نەماوە. لە یەكێك لە كامێراكانی چاودێری ئاریان دەركەوتووە كە بە تەنیا ڕادەكاتە ناو دارستانێكی نزیك لە ماڵەكەیان.
هەمان ڕۆژ تا درەنگانی شەو، نزیكەی ٢٠٠ سەربازی ئەڵمانی لە شێوەی چەند گرووپی بچووك بەدوای گەڕان، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێك. ئەو كات پۆلیس لەگەڵ پسپۆڕێكی ئۆتیزم تاوتوێی ڕێگا چارەیەكیان كرد بەو پێیەی ئاریان ئۆتیزمە و كاتێك قسەی لەگەڵ دەكرێت وەڵام ناداتەوە.
بۆیە هەفتەی ڕابردوو توێژەران یارییە ئاگرینەكانیان داگیرساند بەو هیوایەی كوڕەكە ڕابكێشن، كە هەمیشە ئارەزووی ئەم جۆرە یارییانە دەكات، هەروەها تیمەكانی ئاگركوژێنەوە شیرینی و باڵۆنیان لە دارستانی نزیك ماڵی خێزانەكەی هەڵواسیبوو.
لەو ڕۆژەوە سوپا و پۆلیسی ئەڵمانیا كە پێكهاتوون لە 1200 سەرباز و پۆلیس، بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی گەڕانیان بۆ دۆزینەوەی منداڵەكەیان دەستپێكردووە، تیمەكانی مەلەوانی ژێر دەریایی (غەواسە) كانی پۆلیس لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا گەڕانیان لە قۆڵیی ڕووبارەكەدا ئەنجامدا. لەگەڵ ئەوەشدا تیمەكان ناوچەی گەڕانەكەیان فراوانتر كرد و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هەلیكۆپتەریان بەكار هێنا، بەو هیوایەی لە ئاسمانەوە منداڵەكە بدۆزنەوە. هەروەها فڕۆكەی تۆرنادۆ بۆ گرتنی وێنەی ئاسمانی بە كامێرای وێنەگرتنی گەرمی بەكارهاتووە، جگە لە بەكارهێنانی دووربینی شەوان، بەلەم و ئەسپی ڕاهێنراو و سەگ.
گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەكە ڕاگەیاند “لە هەوڵەكانمان ناوەستین تاوەكوو چارەنووسی ئاریان نەدۆزینەوە.