شەهلا سۆفی- زاری کرمانی:
ئەحمەد بارزان قائیمقامی قەزای چۆمان بەزاری کرمانجی ڕاگەیاند :” سنووری قەزای چۆمان بەرفراوانە و ناوچەیەکی ستراتیژیە لە ڕووی بازرگانی و گەشتوگوزاریش گرنگی زۆری هەیە، هەروەها شوێنێکی گونجاوە بۆ کشتوکاڵ .”
گووتیشی ” یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی گوندەکانی قەزای چۆمان کەمی کارەبایە، چونکە ناوچەیەکی سارد وسەختە و خەڵکی بۆ گەرم کردنەوە جگە لە سووتەمەنی، پێویستیان بە کارەبایە، بۆیە نەبوونی کارەبا هۆکارە بۆ کۆچکردنی خەڵک لە گوندەکان و چۆڵبوونی گوندەکان لە وەرزی زستاندا.”
لەلایەکی دیکەوە نەبوونی کارەبا هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاری زستانە لەو ناوچانەدا وە کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆژەکان، بۆیە هەموو هەوڵمان دەخەینە گەڕ بۆ پەرەپێدان بەو گوندانە کە کار بە سیستەمی کار و ئاوی دەکەن ، واتە لە ڕێگای ئاوەوە کارەبایان بۆ خۆیان دابینکردووە وەک (ناو پردان و دەربەند) بۆ ئەمەش دەکرێ بەنداو دروست بکرێت بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتی و هاوکاری حکومەت هەیە چونکە بودجە و کاتێکی زۆر دەوێت بۆ جێبەجێکردنی.”