مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا دەقی بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی دەسەڵاتدارانی عوسمانی دژ بە ئاشووریی – كلدانەكانی پەسەند كرد و لە چەند ڕۆژێكی تردا دەقەكە بۆ حكومەت بەرز دەكرێتەوە تا كۆمەڵكوژییەكە بە جینۆساید بناسێنێت.
جگە لە ئەندامانی پارتی سەربەرزی فەرەنسا كە چەپی توندڕەوە، تەواوی نوێنەرانی ئەنجوومەنەكە دەنگیان بە بڕیارنامەكە دا كە داوا لە حكومەت دەكات كۆمەڵكوژیی ئاشووریی و كلدانەكان لە ساڵانی 1915 – 1918 لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانی بە بە جینۆساید بناسرێت.
دوای ئەمە توركیا بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسای بە (پووچەڵ) ناو برد و ڕاگەیاند “ئەم پرسە هیچ بنەمایەكی یاسایی و مێژوویی نییە.”
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند “بڕیاری ئەنجوومەنی نیشتمانی فەرەنسا لە ڕێكەوتی ٢٩ی نیساندا لەبارەی ئاشووری و كلدانییەكان، بە نەبوو و هیچ هەژمار دەكرێت.” دەشڵێت “”ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە لە لایەن نوێنەرانی پارتی دەسەڵاتدار هێنراوەتە ئەنجوومەنی نیشتمانی و ئەوەش نموونەیەكە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكانی مێژوویی بۆ بەرژەوەندی سیاسی.”
تا ئێستا چەندین وڵات و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكانیان بە جینۆساید ناساندووە و لە دەقی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنساش هاتووە “لەنێوان ساڵانی 1915 بۆ 1918، ئاشوورییەكان لە ناوچەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا و ناوچەی باكووری ڕۆژئاوای ئێران، تووشی سەربڕین و ئاوارەبوونی زۆرەملێ بوون لەسەر دەستی هێزی عوسمانی و بە زۆر كراون بە موسڵمان.”
بۆیە ئەنجوومەنی ناوبراو داوا لە حكومەت دەكات، ئیدانەی ئەو كۆمەڵكوژییە بكات و بە فەرمی دان بەوەدا بنێت كە جینۆساید و دیپۆرتكردنەوە و سەركوتكردنی میراتی كولتووریی زیاتر لە 250 هەزار ئاشووری-كلدانی سیمای جینۆسایدی هەیە.
لە لایەكی تریشەوە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ دەڵێت “لە توركیا كورد و پێكهاتە نەتەوەیی-ئایینییەكان و پەنابەران و ئەرمەنی و جوو و ژن، بە بەردەوامی ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی دەبنەوە و ڕۆژنامەنووسان دەخرێنە زیندانەوە.”
ئەمەش توركیای نیگەران كرد و لە ڕاگەیاندراوێكدا بە توندی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكای ڕەت كردووە و دەڵێ “هیچ بەهایەك بۆ ئەم ڕاپۆرتە بێ بنەمایە دانانێین.”
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا تیشك خراوەتە سەر ئەو پێشێلكارییانەی پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی مانگی پێنجی 2023ی توركیا ڕوویدا و، وەك سنوورداركردنی ئازادیی گردبوونەوە و كۆڕ و كۆبوونەوە و بیروڕا دەربڕین، هەروەها كوشتنی نایاسایی لەلایەن هێزە ئاسایشییەكان و پۆلیس و پاسەوانانی زیندانەكانەوە، بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی پێك هێناوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا باسی لەوەش كردووە كە زیاتر لە 15 ملیۆن كورد لە توركیا هەن و بە زمانی كوردی قسە دەكەن، بەڵام كورد بەردەوام دووچاری كوشتن و پێشێلكاری و جیاكاری لە ڕووی بەكارهێنانی زمانی لە ژیانی ڕۆژانە و پەروەردەدا دەبێتەوە.