بشڕا فاخر میرزا
قۆناغی چوارەمی بەشی مێژوو زانكۆی سۆران
شۆرشی ئاگری داخ(ئارارات)لاپەرەیەکی پرشنگدارە لە مێژووی خەباتی پر شانازی نەتەوەی کوردی ئاری.لە رێگای سەربەستی و ئازادی نەتەوەیی خۆیدا شۆرشی ئاگری داخ ھاواری دڵسوتاوی نەتەوەی کوردی بێ بارو ستەم دیدەیە کە دوو چاری جۆرەھا ئازار و چەوسانەوەی نەتەوایەتی بووە…شۆرشی ئاگری داخ خورینی سەربەخۆیی خەلکی کوردی دیل و رەبەن و ھەژارە.لە بەرامبەر ھەموو گەل و کۆمەلێک دا.
شۆرشی ئاگری داخ بەلگە نامەیەکە بە خوێنی پیر و لاو و منالانی کورد نوسراوەتەوە و بە دەستی نوێنەرانی نەوەکانی داھاتوی خۆی سپاردووە.
شۆرشی ئاگری داخ (ئارارات ) یەکێکە لە شۆرشە مەزن و بایەخدارەکانی نەتەوەی کورد کە ماوەی (١٩٢٧-١٩٣٠)چوار سال بەردەوام بوو پاش شۆرشەکە شێخ سەعیدی پیران کەمالییەکان توندتر لە جاران دەستیان دایە سیاسەتی ڕاگواستن و بەزۆری خەڵکی کوردیان دەکردە تورک و کوردیان دەچەوساندەوە بۆیە ڕۆشنبیران و نیشتیمانپەروەرانی کورد بە یەکخستنی دەنگیان و وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە پڕ لە ستەم و زۆردارییەی نەتەوەییی کەمالییەکان بۆ ڕزگار بوون لەو زولم ستەمەی کەمالییەکانی تورکیا و سەربەخۆبوون شۆرشگێرانی کورد ئەم راپەرینەیان ئەنجام دا. ساڵی ١٩٢٧ لە ناوچەی (بیحەمدون) لە لوبنان کۆنگرەیان بەست و تیایدا بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵەی (خۆیبوون) درا. خۆویبوون بڕیاریدا چیای ئاگری داغ لە باکووری کوردستان بکرێتە مەڵبەندی هەڵگیرسانی شۆرش دژی کەمالییەكان و سەرکردایەتی شۆرشەکەش بە جەنەڕاڵ ئیحسان نوری پاشا سپێردرا،کە ئەفسەرێکی کورد بوو لە سوپای عوسمانی خەڵکی شاری بەدیلس بوو. لە ٢٨ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢٧ دا سەربەخۆیی کوردستان لە چیای (ئاگری داغ)ـەوە ڕاگەیاندراو ئاڵای کوردستان هەڵکرا، دوای ئەوەی پارتیزانەکانی کورد بە سەرۆکایەتی ئیحسان نوری پاشا توانیان ناوچەکە ئازاد بکەن، لە سەربازی تورک. دواتر هێزەکانی تورک لە هەموو لایەکەوە پەلاماری ئەو ناوچە سەختەی کوردستانیدا، بەڵام کوردەکان زەبرێکی کوشندەیان لێوەشاندن و زیانی سەدەها کوژراو بریندار و دیلیان لێدان، وێڕای خستنە خوارەوەی (١٢) فڕۆکەی جەنگی، دەست بەسەرداگرتنی (٦٠) ڕەشاش و (٦٠) تۆپ و (٥٠) مەترە لۆز و (١٥٠) چادر و (٣) هەزار تفەنگ و (٥٠) بار ئازووقە، زیاتر لە (٤) هەزار سەبازیش لە ڕیزەکانی سوپای تورکیادا ڕایانکرد. بەمجۆرە ناوچەیەکی فراوان لە (وان و بایەزید و قارس و موش …ھتد) کەوتە دەست شۆرشگێڕان.
ھەڵوێستی حکومەتی تورکیا لە بارەی شۆرش:
کاتێک حکومەتی تورکیا سەیری کرد بینی تەنھا ھەردووک فەیلەقی(٨،٧) پاشماوەی چەند فەیلەقێکی تر لە ناوچەکە مابوونەوە بۆیە بڕیاریدا لە دایکبووانی سالانی (١٩٠٦-١٩٠١) بۆ خزمەتی سەربازی بانگێشت بکات، هەروەها تورکەکان ڕایانگەیاند کە ئەم هێزانەیان بۆ لێدانی دز و چەتە و ڕێگرەکان داناوە ھەر بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی تورکیا ھێزێکی پێکھێنا و ھێرشێکی گەوەرەی دەست پێکرد هەرچی گوند و کێڵگەی کشتووکاڵی هاتە سەر ڕێیان ئاگریان تێبەردا و سووتاندیان، بەڵام بەمەش نەیانتوانی بەسەر شۆرشگێڕانی کورد زاڵ بن. بۆیە دواجار کەمالییەکان پەنایان بردە بەر حکومەتی ڕەزا شای پەهلەوی لە ئێران ئەوە بوو حکومەتی تورکیا و ئێران رێکەوتنامەیەک له نێوانیان مۆرکرا حکومەتی ئێران رەزامەندی خۆی دەربڕی بە بەکارھێنانی خاکی ئێران لەلایەن تورکیا واتە تورکیا بۆ لێدان و گەمارۆی شۆرشگێرانی کورد دەتوانی خاکی ئێران بەکاربھێنێت بەمجۆرە دوای شەڕێکی نابەرامبەر دەستەویەخە، هێزەکانی تورک لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی بنکەی شۆرشگێرانی کوردیان دا لە چیای (ئاگری داغ)و خەڵکێکی زۆریشیان کوشت بەم جۆرە حکومەتی تورکیا توانی بەسەر شۆرشگێران سەربکەوێت و راپەرینەکە کپ بکاتەوە.
ھۆکاری ھەلبژاردنی چیای ئاگری داخ(ئارارات)بۆ شۆرش:
چیا-شاخ، کەژ،کێو-هەمیشە لانکەی شۆڕشە و پشت و پەنایەکی قایم و تۆکمەیە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش کوردستانیش وڵاتێکی شاخاویە گەلەکەشی لەبەر ئازایەتی و سەربەخۆی و قبوڵ نەکردنی ستەم و سەرشۆڕ نەکردن هەردەم هۆگری چیاکان بووە هەربۆیە (خۆیبوون) بۆ بەرپاکردن و هەڵگیرسانی شۆڕش وهەقکردنەوەی ئەو ستەمە ناڕەوایەی کە تورکە کەمالییەکان لە دوای ڕوخانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە سالی (1925)وە دەر هەق بە گەلی بێچارەی کورد ئەنجامیاندا بوو، چیایەکی گرنگ و ستراتیجی و سەخyتی دەست نیشان کرد بۆ شۆرش ئەوش چیای ئاگری داغ(ئارارات)بوو
هەڵکەوتوەی ئەم چیایە دەکەوێتە سنووری نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم چیایە لە دوو بەش پێکهاتوە بەشە گەورەکە کە بە ئاراراتی گەورە ناسراوە کەوتوەتە ناو باکوری کوردستانەوە، بەشە بچووکەکەشی کەوتوەتە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لە ڕووی جوگرافییەوە چیایەکی سەخت و چر بووە شوێنێکی ئێجگار باش و لە بار بوو بۆ شۆرش. شورشگێرانی کورد ھەموو کات لە چیاکانی کوردستان شەر و شۆرشەکانیان کردووە چونکە ناوچەی بەرز و سەخت بوینە دوژمن بە ئاسانی نەیدەتوانی بەسەر شۆرشگێران سەربکەوێت.