رێکخراوى ئاى تى ئێف : پاڵپشتی هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ نەهێشتنی مەترسیەکانی مین و تەقەمەنى
زارى کرمانجى-سۆران:
ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ نیسانی ٢٠٢٤، دەزگاى گشتیى کاروبارى مین، لە میانەى بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی کاروباری مین بۆ بەڕێوەبەرە نیشتمانییەکان و راوێژکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە جنێڤى پایتەختى سویسرا، لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (ITF)ی سلۆڤینی کۆبووەوە.
دەزگاى گشتیى کاروبارى مین بڵاویکردووەتەوە، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای مین و بە یاوەری عەلی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر، لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (ITF)ی سلۆڤینی کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونى (باڵوێز تۆماس ) بهڕێوهبهری گشتیی ڕێكخراوی (ITF)ی سلۆڤینی و شاندێکى یاوهرى بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دەزگای مین سوپاسی رێکخراوی ناوبراو و گەلی سلۆڤینیای کردووە، بەهۆی پاڵپشتیە بەردەوامەکانیان بۆ دەزگای مین بە تایبەت بۆ بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مین.
ئاماژەى بەوەشکردووە، پڕۆژەی درێژکردنەوەی هاوکارییەکانی ڕێکخراوی ناوبراو بۆ دەزگای گشتیی کاروباری مین باسى لێوەکرا، پڕۆژەکە بودجەکەى لەلایەن حکومەتی سلۆڤینیاوە دابین کراوە، بۆ ڕێکخراوی ( ئای تی ئێف ) بۆ بە کرێگرتنی ئۆتۆمبێل بۆتیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مین بۆ ساڵى ٢٠٢٤ و سەرەتای مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٥ ، کە بۆ هەرساڵێک خۆی لە دابین کردنی ٢٥ ئۆتۆمبێل دەبینێتەوە.
لاى خۆیەوە ڕێکخراوی ناوبراو ڕایگەیاند ”چەندین پڕۆپۆزەلیان پێشکەش بە وڵاتانی کۆمەک بەخش کردووە، بەمەبەستی پاڵپشتی و هاوکاریکردنی بەرنامەی مینی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی نەهێشتنی مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی.