زاری كرمانجی –
ئەنالینا بێربۆك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەیەكی ئەڵمانی وت:” ئەڵمانیا دڵنیا دەبێتەوە لەوەی یەكێتی ئەوروپا سەرمایەی ئەو كەسانەی بەرپرسن لە سەركوتكارییەكەی خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكومەتی ئێران سڕ بكرێن و گەشتكردنیان بۆ یەكێتی ئەوروپا قەدەغە بكرێت”.
بەپێی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كە هەفتەی ڕابردوو بڵاوكرایەوە باس لەوە دەكات كە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و دانیمارك و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و كۆماری چیك 16 پێشنیارییان پێشكەش كردووە بۆ سەپاندنی سزای نوێی یەكێتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران، ئەوەش بەهۆی سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندانانەوە كە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینیی كچە كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان سەریانهەڵداوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە كە ئەوانەی پێشنیاری سەپاندنی سزای نوێیان كردووە بۆ سەر ئێران ئامانجییان ئەوەیە لە كۆبوونەوەكەی 17 ی مانگی 10 ی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتییەكەدا بڕیارییان لەسەر بدرێت، پێشبینیش ناكرێت هیچ كام لە ئەندامانی یەكێتییەكە رێگری لە پەسەندكردنی پێشنیارەكان بكەن.
هەروەها بێربۆك بە ڕۆژنامەی بیڵد ئام زۆنتاگی ئەڵمانی وت: ” ئەوانەی لەسەر شەقامەكان لە ئافرەتان و كچان دەدەن، ئەوانەی دەیانڕفێنن و بە زۆر دەیانخەنە زیندانەوە و سەركۆنەی ئەو خەڵكە دەكەن كە تەنها دەیانەوێت ئازادانە بژین، لە لایەكی هەڵەی مێژوودا وەستاون.”
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە خەڵكی خۆنیشاندەری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەڵێ :” لە پاڵتان دەوەستین، بەردەوامیش دەبین لەوە.”