شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی راهێنەرە ئەقڵییەكان، باسی ناسینی مرۆڤ لەبارەی خۆیەوە دەكات و دەشڵێت”چۆن كەسایەتی كەسەكان دەناسرێنەوە؟
د. خاڵس قادر، پزیشكی هەناوی و راهێنەری توان ئەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” بیركردنەوە بنەمای كەسایەتی كەسەكانە، لەهەر ئاستێك بیركردنەوەكان گیربوون، كەسەكان ئەو كەسایەتیەیان دەبێت، چوار ئاستی جیاواز هەیە كە بیركردنەوە تێیدا گیر دەبێت و كەسایەتی كەسەكان دیاری دەكات، ئەوانیش:
-جەستە، پێنج هەستەكان، ئەو كەسانە بیركردنەوەیان لە جەستەدا گیر بووە، سەرناكەوێت بۆ سەرووتر، لە ژیانی رۆژانەدا پێنج هەستەكان بنەمای كار و رەفتار و بیركردنەوەكانیانن، هەمیشە گرنگی بە جەستە و چێژ وەرگرتنی جەستەیی و ماددی دەدەن، ئەو كەسانەن كە هەر خەمی سك و جوانكاری جەستەیانە و كۆكردنەوەی پارە و خانوو و سەیارە و سەرگەرمی دونیان، ئەوانەش زۆرینەی كۆمەلگان.
- ئەقڵ، بیركردنەوە، هەست و سۆز، ئەوانە بیركردنەوەكانیان تۆزێك باڵاترە لە گروپی یەكەم و دابەش دەبن بۆ دوو گروپ یەكەمیان، ئەوانەی كە لە بیركردنەوەكانیان گیربوون، هەمیشە خەریكی بیركردنەوە، خوێندنەوە، نوسین و گفتووگۆی دوورودرێژ و قوڵن، نمونەی ئەم گروپە، نوسەر و بیرمەند و رۆشەنبیرانن، دووەمیان، ئەوانەنن لە هەست و سۆزدا گیربوون، كە شاعیرەكان لەو گروپەن، ئەو كەسانەن ئەگەر كاتژمێرێك باسی فكر و گفتووگۆیان بۆ بكەی، دەڵێن” ئەوانە هەمووی ناكاتە یەك چركە كە سەیری جوانی گوڵێك بكەیت” سۆز زاڵە بەسەر ژیان و رەفتار و گوفتاریان.
-زیرەكی، كەسانی نێو ئەو گروپە بیركردنەوەكانیان لە ئاستی زیرەكیدا گیرساوەتەوە، هەمیشە خەریكی دۆزینەوەی زانستی نوێن بە نموونەی زانایان، هەروەها بەشێك لە پزیشكان و مامۆستایانی زانكۆ لەو گروپەن. - ئاگا و رۆحی، كەسانی نێو ئەو گروپەش دوو بەشن یەكەمیان، ئەوانەن لە ئاستی دلخۆشی و ئاشتی و ئارامی دەروونی گیربوونن، گرنگترین شت لایان ئارامی دەروونی و دڵخۆشییە، زۆریان تەنها بۆ خۆیان دەژین لەنێو ئارامی و دلخۆشی خۆیاندا، دووەمیشیان، ئەوانەن كە دەگەنە لوتكەی هەرەمەكە و كەسانی رۆشنبووەوەن، نورانین، ئەوانە دەگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی خەڵك، چێژ لە هەموو ئاستەكانی تر وەردەگرن، گرنگی بە خەڵكانی تر دەدەن و بەرزیان دەكەنەوە بۆ ئاستی باڵاتر، خۆیان لەژیان و خەلك دوور ناكەنەوە.