زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ بەغدا و فاکتەرێکە بۆ ئەو کێشانەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە چارەسەر بکرێت، چەند زوو بگەنە ڕێککەوتن لە بەرژەوەندی ھەموو لایەک دایە.
دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: “سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو باشتر بچێت و دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی ڕێگا خۆش بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەت ئەو کێشانەی ماون”.
دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: “لەم دوو ڕۆژە کێشەکانی تەکنیکی ناردنی مووچەی مانگی چواریش چارەسەر دەکرێت و ئەویش ڕەوانە دەکرێت، بەھۆی ئەوەی لە مانگی ڕابردوو ئەو جۆرە کێشانە ھەیە، بەڵام چارەسەر دەکرێن و کێشەی تەکنیکین”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: “گفتووگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەک دایە، بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەکان چارەسەر بکرێن و بگەنە ڕێککەوتن”.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکان لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و پێشوازیەکی زۆر گەرمی لێ کراوە و بەپێی سەرجەم ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکانیش ئەنجامەکان ئیجابی و دڵخۆشکەرن ئەمەش بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن.