ئەڤین عەوڵا
دوای كۆتایی هاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی و لە بەر یەك هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، پرسی ویلایەتی مووسڵ لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی بووە پرسێكی گرنگ، سنووری ویلایەتی مووسڵ ئەو كات جگە لە شاری مووسڵی ئێستا هەموو ناوچە كوردییەكانی كوردستانی عێراقی دەگرتەوە.
كێشەی ویلایەتی مووسڵ چۆن سەری هەڵدا ؟
لەڕێكەوتی 30/10/ 1918، لە بەندەری (مۆدروس) لە دوورگەی لێمنۆسی عوسمانی ئەو كات و یۆنانی ئێستا لە دەریای ئیجە ئاگربەستی (مۆدروس) لەنێوان دەوڵەتە سەركەوتووەكانی هاوپەیمانان و دەوڵەتی تێكشكاوی عوسمانی ئیمزا كرا، ئەم ئاگربەستە كۆتایی بە شەڕی یەكەمی جیهانی هێنا لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا بەپێی ئەم ئاگربەستە دەبووایە هێزە شەڕكەرەكان لە جێگەی خۆیان ڕابوەستن و جووڵەیان پێ نەكەن. بەڵام لەبەر ئەوەی بەریتانیا چاوی بڕی بووە ئەم ویلایەتە بۆیە دوای چەند ڕۆژێك توركەكانیان ناچار كرد شارەكە چۆڵ بكەن، بیانووی بەریتانیا بۆ ئەم داگیركردنەی ویلایەتی مووسڵ بەندەكانی(7،16)ی ئاگربەستەكە بوون كە بەگوێرەی ئەم بەندانە مافی ئەوەی ئەدا بە هاوپەیمانان لە حاڵەتی پەیدابوونی هەڕەشە لەسەر هێزەكانیان هەموو ئەو شوێنانە داگیر بكەن كە دەبنە مایەی هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەكانیان. حكومەتی كەمال ئەتاتورك لە ئەنقەرە ئەم داگیركردنەی بە دژی بنەما سەرەكییەكانی ئاگربەستەكە دادەنا، بۆیە لەو كات كێشەی مووسڵ سەری هەڵدا.
چۆنیەتی لكاندنی ویلایەتی مووسڵ بە دەوڵەتی عێراقەوە :
لەسەرەتادا بەگوێرەی ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆ ویلایەتی مووسڵ بەر فەرەنسا كەوتبوو، بەڵام دوای ئەوەی نەوت لە ناوچەكانی كەركووك دۆزرایەوە بەریتانیا تەماعی داگیركردنی چووە سەر ئەم ویلایەتە و فەرەنسای ڕازی كرد و دەستی بەداڕشتنی پلانە تەماعكارییەكەی كرد و و كوردیش بە زەرەرمەندی یەكەم لەم هاوكێشە سیاسییە هاتە دەرەوە، هەرچەندە لەسەرەتادا بەریتانیا پشتگیری لە دەوڵەتێكی كوردی ئەكرد بۆ كوردەكان بەڵام توركەكان زۆری دژی ئەم سەربەخۆی یە وەستانەوە جگە لەمەش مەلیك فەیسەڵی یەكەم مەلیكی عێراق بەمەرجێك ڕەزامەندی دابوو بەئینتیدبی بەریتانی كە دەبێت ویلایەتی مووسڵ بخرێتە سەر عێراقەوە. وە كوردەكان هەرچەندە سەرەتا لە كۆمەڵەی گەلان داوای سەربەخۆیان دەكرد، بەڵام توركەكان بەهۆی بەكارهێنانی هەست و سۆزی ئایینی توانیان كوردەكان بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و ڕازیان بكەن ئەگەر نەچنەوە ژێر دەسەڵاتی توركەكان بە حوكمی بەریتانییەكان ڕازی نەبن. جگە لەمەش كورد لە ناوخۆدا خەریكی كێشەو ململانێ توند بوون كە تەركیزیان لەسەر پرسە نیشتیمانیەكان لاچوبوو كە هەمیشەش كوردەكان براوەی جەنگەكان و دۆڕاوی سەر مێزی گفتوگۆ بوونە. لەساڵی 1920لە كۆنفرانسی سان ڕیمۆ وڵاتانی هاوپەیمانان هەندێك مادەیان پەسەند كرد كە سوودمەندی یەكەم تیادا بەریتانیا بوو، هەر لەو كۆنفرانسەشدا بوو فەرەنسا ڕازی كرا دەست لە ویلایەتی مووسڵ هەڵبگرێت بۆ بەریتانیا. كوردیش لەو كاتەدا بە سەرۆكایەتی (شەریف پاشا) كە نوێنەرایەتی كوردی دەكرد لەگەڵ وڵاتان لە گفتوگۆدا بوو تاوەكوو چارەنووسی كورد یەكلای بكاتەوە، لە هەمان ساڵ دا پەیماننامەی سیڤەر مۆركراو هەندێك خاڵی ئەرێنی بۆ كورد تێدا بوو، بەڵام توركەكان ئەم پەیماننامەیان بە دژی خۆیان دادەنا، چونكە بەشێكی عێراق و كوردستانیان بەخاكی خۆیان دەزانی، بۆیە توركەكان دژی ئەو پەیماننامەیە وەستایەوە و كوردەكانیش كێشەی نێو خۆیان لە سەردانانی نوێنەری گشتی بۆ دەستخستنی مافەكانیان ڕێك نەدەكەوتن، ململانێی ناوخۆی كوردەكان وای كرد مستەفا كەمال ئەتاتورك ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و خۆی بە بەدیلی تەواوی ناوچەكە و میراتگری خاكی عوسمانی بزانێت، بۆیە لەگەڵ بەریتانییەكان لە یەكتر نزیكبوونەوە و كاریان كرد بۆ بەستنی پەیماننامەیەكی دیكە بەناوی پەیماننامەی لۆزان بوو لە ساڵی 1923 دا ئەو ڕێككەوتنە بەتەواوی پەیماننامەی سیڤەری لەگۆڕنا. بەشێك لە كوردەكان هیوایان لەسەر ڕووسەكان هەڵچنی بوو، بەڵام بەشی زۆریان بوونە هاوپەیمانی كەمال ئەتاتورك كە توانی بووی كوردەكان بەناوی ئایین و برایەتی تورك و كورد هەڵبخەڵەتێنێت، بەشێكی كوردەكان لەدژی ئینگلیزەكان ڕاپەڕین لە ناوچەكەدا سەرباری ئەوەی سیاسەتی ئینگلیز لەگەڵ كوردەكان باش نەبوو، بەڵام توركەكان خراپتر مامەڵەیان دەكرد. بەڵام بەهۆكاری ئاینی كورد لە تورك نزیك بوونەوەو شەریان لە دژی ئینگلیز ڕاگەیاند. بەڵام دواتر لەدژی دەسەڵاتی توركەكان شۆرشی شیخ سەعیدی پیران لەساڵی 1925 بەرپابوو ئەمەش وایكرد توركەكان سەرەنجیان لە سەر ویلایەتی موسڵ لابچێت و هەوڵی كەپكردنەوەی شۆڕشەكەی شێخسەعیدی دا بە چاوپۆشی وڵاتی بەریتانیاو هاوپەیمانان. توركیا نەرمی دەنوێنێت لە ویلایەتی موسل هەر لەو ساڵەدا كۆمەڵەی نەتەوەكان بەپالشتی بەریتانیا و بەغیابی نەتەوەی كورد لە موعادەلەكەدا ویلایەتی موسڵ لكێنرا بە عێراقەوە. كورد لەوكاتەوە تاوەكو ئەمرۆ لەشەری خاك دایە لەگەڵ عێراق، بەڵام هەر دەرفەتێكیان بۆ دروست بووبێت بە ئاسانی بەهۆی دووبەرەكی و ململانێی نێوخۆی لەدەستیان داوەتەوە.
سەرچاوەكان :
1- دكتۆر جەبار قادر:كێشەی ویلایەتی موسل لە وێستگە مێژووییەكاندا
2- نیاز كامەران : كێشەی ولایەتی موسڵ/ یوتبوب 2020
3- یەیجی ڕۆژ: یویتیوب، ویلایەتیموسڵچیبوو؟ كەیخرایە سەر دەوڵەتیعێراق،2021.
4-كەیفی عمر: كێشەی ویلایەتیموسڵ،2016/6/3 www.history

































































