زاری كرمانجی :
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەینێت، ، بڕیارە لەم هەفتەیەدا بە دوو بەش تەمویلی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیاند: “زانیاریمان لە وەزارەتی دارایی عێراق وەرگرتووە، وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی كوردستان تەواو دەكرێت، ئەگەرچی لەم هەفتەیەدا چوارشەممە پشوو دەبێت، بەڵام بڕیارە تەمویلی مووچە بنێردرێت.”
سەبارەت بە هۆكاری داوكەوتنی ناردنی مووچە، گوتی: “لەم مانگەدا عێراق خۆی كێشەی پارەی نەختینەی هەبوو، مووچەی وەزارەتەكانی عێراقیش تەواو نەبووە، وردبینیی لیستیش دوا كەوت، ئەگەرنا هیچ گرفتێك نییە و تەمویلی مووچە دەنێردرێت.”
ئەو پەرلەماننتارە جەختی كردەوە: “دوای ناردنی تەمویل، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار دەكات، لە ماوەیەكی كورتدا مووچە تەواو دەكرێت.”