شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی ئافرەتان، ئاماژە بە هەندێك لە هۆكارەكانی نەزۆكی ئافرەتان دەكات و دەڵێت” هۆكارەكانی دووگیانەبوون لە خانماندا جیاوازن.
د. بنار ئەحمەد دزەیی، پزیشكی پسپۆڕی منداڵبوون و ئافرەتان، راگەیاند” چەندین هۆكار هەن بۆ نەزۆكی خانمان لەوانە:
-تێكچوونی كاركردنی هێلكەدان، وەستانی سوڕی مانگانە، كە لە ئەنجامی كۆمەڵێك هۆكار روودەدەن، لەوانە گەیشتن بە تەمەنی بێ هیوایی، ئەنجامدانی هەندێك وەرزشی توند، یان هۆكاری دەروونی وەك پەستان و دڵەڕاوكێی زۆر.
-نەخۆشی كیسی هێلكەدان، ئەمەش باوترین هۆكارە لەنێو ئەو خانمانەی كە توانای دووگیانبوونیان نییە، بەو پێیەی ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی ئەوەی هێلكەدان روونەدات، یاخود بەشێوەیەكی ناڕێك رووبدات، یەكێك لە نیشانە بەناوبانگەكانی دەركەوتنی زیپكە و زیادەڕۆیی كاتی گەشەی موو لە جەستەیە.
-گرێی ریشاڵیەكانی منداڵدان، كە بە سۆنەر دەستنیشان دەكرێت.
-تێكچوونەكانی منداڵدان وەك دوو منداڵدان، یەكلا و بەربەستی منداڵدان.
-كێشەیەك لە كارەكانی غودەی نخامیە، ئەم رژێنە بەرپرسە لە دەردانی كۆمەڵێك هۆرمۆن كە هاندەری سێكس و رێكخستنی پڕۆسەی هێلكەدانن، بۆیە هەر كەموكوڕییەك تێیدا نوێنەرایەتی زیادبوونی بەرهەمهێنانی پرۆلاكتین دەكات كە دەبێتە هۆی كێشە لە هێلكەدان.
-گیرانی بۆڕی فالۆپ، بەهۆی تووشبوونی پێشووتری بگانە منداڵدان یان هەوكردنێكی پێشووتری وەك سیلان.