داهات ئەیووب ئەحمەد
قوتابی زانكۆی سۆران بەشی مێژوو قۆناخی چوارەم
لەدوای پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ لە نێوان كەمال ئەتاتورك و وڵاتانی هاوپەیمانان ئەنجوومەنی توركیا ئەوەی دڵنیا كردەوە كە كوردەكان نایانەوێت لە توركیا جیا ببنەوە، دواتریش ئەنجوومەن هەر لە سەر ئەم باسە نامەیەكی نارد بۆ كۆنگرەی لۆزان، ئەوەش بووە هۆكارێك كە كۆنگرەكە وا بیر بكاتەوە، پشتگوێخستنی بنەماكانی سیڤەر كە مافەكانی كوردی تێ دابوو، وە ماددەكانی (٣٨-٣٩) لۆزان چارەسەری كێشە نەتەوەیییەكانی توركیای تێدایە، مادەی٣٨دەڵێت توركیا بەڵێن دەدات بەبێ گوێ دانە نەتەوە زمان ئایین پارێزگای لە هاووڵاتییان بكات، مادەی٣٩دەڵێت هیچ سنوورێك بۆ هیچ هاووڵاتییەكی تورك دانانرێت دەربارەی هەر زمانێك لە هەر بوارێكدا بێت، ئەمەش داواكارییەكانی كوردی پشت گوێ دەخست بۆ سەربەخۆ بوون، دوای دروستبوونی كۆماری توركیا لە ٢٩-١٠-١٩٢٣دەست بەكاربوونی مستەفا كەمال، یەكەم هەنگاوی ململانێی كورد و تورك بوو، دواتر حكومەتی توركیا ماددەكانی لۆزانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش ئەتاتورك دەستی كرد بە كوشتنی كورد و داخستنی دامەزراوەكان بە زمانی كوردی، كەمال ئەتاتورك و عیسمەت ئینینۆ سیاسەتێكی توند و ڕەگەز پەرستیان گرتە بەر بەرامبەر كوردەكان و ئەشكەنجەیان دەدان، تەنانەت كۆنگرەی لۆزانیش كە دەبووایە بنەماكانی ئازادی بپارێزێت بێدەنگ بوو لە بەرامبەر ئەو كردارانە، شۆڕشی شێخ سەعید بە شێوەیەكی هەڵە دەستی پێ كرد بەو شێوەیە نەبوو كە پیلانی بۆ دانرابوو، شێخ سەعید و سوپاكەی بەڕێكەوت بەرەو ناوچەی هۆزی دراخینی بەڵام لە ڕێگەدا تووشی جەندرمەی توركی دەبنەوە پێكدادان لە نێوانیان ڕوو دەدات لە ڕۆژی ٨-٢-١٩٢٥.دوای هەڵگەڕانەوەیان لە سەرەتادا سەركەوتنیان بەدەست هێنا، توانیان لە ڕۆژی ١٤-٢-١٩٢٥دەست بگرن بەسەر ویلایەتی دراخینی وە فەقێ حسێن كە سەرۆكی هۆزی مودان كرا بە والی بەسەر ئەم ناوچەیەدا، هەندێك ویلایەتی دیكەشیان داگیر كرد وەكوو مووش و عەزیز و مەڵاتییە، بەڵام هێزەكانی تورك توانییان ئەم شۆڕشە سەركوت بكەن و ناوچەكان داگیر بكەنەوە و شێخ سەعید و ٤٧سەرۆك هۆزی كوردەكان كە بەشداربوون لە شۆڕشەكە دەستگیر كران و لە شاری دیار بەكر لە ڕۆژی ٤-٩-١٩٢٥لەسێدارەدران. لە پاییزی ١٩٢٩هێزە كوردییەكان دەستیان گرتبوو بەسەر ناوچەیەكی فراواندا كە لە ئارارات لە باشوورەوە دەست پێ دەكات تا خوشاب لە باشووری وان، بەڵام بەهۆی جیاوازی هێز و پێداویستییە سەربازییەكانی توركیا، توانیان شكست بە شۆڕشگێڕانی كورد بهێنن و پاشەكشەیان پێ بكەن بۆ ناوچە شاخاوییەكانی سنووری ئێران و توركیا، حكومەتی توركیا ناوچە كوردییەكانی بۆ چوار بەش دابەش كرد بۆ لە ناوبردنی هەوڵی كوردەكان وە هەر بەشێكیش خرایە ژێر دەسەڵاتی سەركردەیەكی ناوخۆیی دڵسۆز بە حكومەت، دووبارە كورد تووشی نەهامەتی بووە لە خەونی سەربەخۆی بێ بەش كرا تا ساڵی ١٩٣٧ كە چەند شۆڕشی تر دەست پێ دەكات.