وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیرکردنی ژن و مێردێکی راگەیاند كە دوو كچی خۆیان كوشتووە.
بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رووداوەكە کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی زەهرا لە قەزای بارتێلای پارێزگای نەینەوا روویداوە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ژێر چاودێری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی رووداوێکی کوشتن، ژن و پیاوێک کە هاوسەری یەکترین دەستگیرکران”.
زیاتر روونكراوەتەوە “ ئەو ژن و مێردە، دوو کچی خۆیان کوشتووە کە یەکێکیان تەمەنی 7 ساڵە و ئەوەی تر تەمەنی سێ ساڵە”.
بەپێی قسەكانی پۆلیس دوای 24 کاتژمێر لە لێکۆڵینەوە دەرکەوت “بکوژی ئەو دوو خوشکە، دایک و باوکیانن و بە هاوکاری کوڕێکیان ئەو کارەیان کردووە”.
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، دایک و باوکەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و هۆکارەکەشیان بۆ کێشەی خێزانی و ئالودەبوونیان بە خواردنەوەی کحولییەکات گەڕاندووەتەوە”.