شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” زۆرێك لە چارەخوازان پرسیاری ئەوەمان لێدەكەن ئایا نەشتەرگەری قەڵەوی بۆ ئەوانەی لە خوار تەمەنی 18 ساڵیدا بن ئەنجام بدرێت یاخود نا.
د. هێمن حەسەن كاكە عەلی، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری هەرس، جگەر، پەنكریاس و نەشتەرگەری قەڵەوی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەو پرسیارەی كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێكرد هی زۆربەی خەڵكە، بەپێی رێنماییە نوێیەكان بەڵێ دەكرێت نەشتەرگەری قەڵەوی بۆ خوار تەمەنی 18 ساڵ ئەنجام بدرێت، بەڵام كۆمەڵێك مەرج هەن كە پێویستە چارەخواز هەیبێت، دەبێ BMI لە سەرووی 35 بێت و تووشبووی یەكێك لەو نەخۆشییانە بێ كە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە هەیە.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد” پێویستە نەخۆشەكە لەڕووی جەستە و رەگەز و تەنانەت دەروونیشەوە بە تەواوی پێگەیشتوو بێت و لەسوود و زیانەكانی نەشتەرگەرییەكە تێ بگات، هەروەها دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەش بە تەواوەتی ئامادەیی ئەوە تێدا هەبێت كە بەشێوەیەكی رێك و پێك سەردانی پزیشكی خۆراكی بكات، بۆ ئەوە دوور بێت لە كەمی ڤیتامینەكان و پڕۆتینەكان كە گرنگییەكی زۆریان هەیە بۆ نەشتەرگەری و تەندروستی جەستە.