شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، لەم بابەتە تەندروستییەدا باسی هۆكار و نیشانەكانی جەڵتەی چاو دەكات و چارەسەرییەكانیش دەخاتەڕوو.
د. میران حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو و نەشتەرگەری چاو، دەڵێت”جەڵتەی چاو بریتییە لە تەسكبوونەوە یان گیرانی دەماری سەرەكی تپڕی چاو، ئەمەش وا دەكات خوێن پێیدا تێپەڕ نەبێت و تۆڕی چاو بەشێوەیەكی تەواو لە كار بكەوێت یاخود ببێتە هۆی دروستبوونی پەڵە لە چاودا، هۆكارەكانیش بریتین لەمانە:
- گیرانی دەمارەكانی تۆڕی چاو، چونكە ئەمیش وەك تەواوی ئەندامەكانی دیكە لە كارەكانیدا پێویستی بە خوێنی پڕ لە ئۆكسجینە.
- لەكاركەوتنی تۆڕی چاو، بەهۆی كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێنی هاتوو لە مێشكەوە.
- كاتێك خوێن دزە دەكاتە نێو تۆڕی چاو دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵە و جەڵتەی چاو.
نیشانەكانی: - هەستكردن بە لەرینەوە لەناو چاوەكان و ئاستەنگی لە بینایی.
- بوونی ئازار یاخود پەستان لەسەر چاو.
- ناڕوونی لەبینایی لەهەردوو چاودا
- لەدەستدانی بینایی لەپڕ یاخود وردە وردە.
چارەسەرییەكانی جەڵتەی چاو، ئەمانەن:
- بەكارهێنانی دەرمان كە پزیشك بۆت دیاری دەكات، بۆ تواندنەوەی پەڵەی خوێن و فراوانكردنی دەمارەكان.
- ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرە، دڵ و بەرزی كۆلیسترۆڵیان هەیە پێویستە زوو زوو سەردانی پزیشك بكەن و پشكنین بۆ چاوەكانیان بكەن.
- لە هەندێك حاڵەت ئەگەر پێویست بكات دەبێ بە لەیزەر چارەسەر بكرێت.
- هەندێكجار پێویستە دەرزی تایبەت لەناو چاو بدرێت.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” دەكرێت كەسی تووشبوو بە جەڵتەی چاو چاك بێتەوە، بەڵام بە دەگمەن بیبینێ وەك خۆی لێ دێتەوە، لە هەندێك حاڵەتدا كاریگەری مەترسیداری هەیە ئەگەر لەكاتی پێویستدا چارەسەر وەرنەگرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینایی چاوەكان.