زارى کرمانجى-سۆران:
پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر، قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا کراوەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتەوە 1600 مێگاوات.
کەمال محەمەد، وەزیرى کارەبا و وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە راگەیەنراوێکدا، وێراى سەرەخۆشى لە کەسوکارى ئەو چوار کرێکارە بیانییەى لە هێرشەکەى سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر گیانیان لە دەست دا، دەشڵێت: تیمەکانمان ماندوونەناسانە بە درێژایی شەوی رابردوو تا ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە.
لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانیی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە.