شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، هیچ پشكنینێك نییە بە ئامێری ئەلكترۆنی یاخود خوێن دەربخات بە كام خواردن قەڵەو دەبیت و هەموو ئەمانە دوورن لە راستی.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژە بە چەند زانیارییەكی گرنگ دەدەین، هەروەها كۆمەڵێك پرسیارەكانی وەكو ئایا هیچ پشكنینێك هەیە بۆ زانینی ئەوەی بە كام خواردن قەڵەو دەبم؟ وازم لە خواردنی برنج و شەكر هێناوە كە چی هێشتا كێشم زیادە؟ خواردنم زۆر كەمە و كێشم دانابەزێت؟ ئەمانە و كۆمەڵێك پرسیاری دیكە هەن زۆربەی خەڵك ئاراستەی پزیشكەكان دەكەن، كە لێرەدا وەڵامییان دەدەینەوە، لەوانەش:
- هیچ پشكنینێك نییە بە ئامێری ئەلكترۆنی یان خوێن كە دەری بخات مرۆڤ بە كام خواردن قەڵەو دەبێت، هەموو ئەمانە ساختەن.
- وازهێنان لە خواردنی برنج و شەكر، تەنها زۆر جار نابێتە هۆی دابەزاندنی كێش، چونكە دابەزینی كێش پێویستی بە ریجێمی زانستی، وەرزش، رێكخستنی خەو و چارەسەركردنی هۆكاری زۆربوونی كێش هەیە، گەلێك لەو كەسانە لە بری برنج بڕێكی زۆر خواردنی دیكە دەخۆن كە پڕن لە وزە و شەكریش ناخۆن، بەڵام لە جیاتی ئەوە خورما یان مێوژ زۆر دەخۆن.
- گرووپی خوێن هیچ پەیوەندی نییە بە جۆری ئەو خواردنەی دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش و دەمێكە بە درۆ خراوەتەوە.
- خواردنی میوە بە شەو نابێتە هۆی قەڵەو بوون و خراپ نییە، بەڵام باشترە دوو كاتژمێر پێش نووستن هیچ خۆراكێك نەخۆرێت، بە پێچەوانەوە شەوان ئەگەر برسیت بوو باشترین شت خواردنی میوە یان سەوزە یاخود یەك پیاڵە چەرەزە، بە مەرجێك ئەو كەسە پاپەندنی سیستمی خۆراكی كیتۆ، لۆكارب و هاوشێوەكانی نەبێت، بەڵام میوەی وشكراو وزەی زۆری تێدایە و دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش هەر كاتێك بخورێت.
- خواردنەوەی گیراوەی وەك لیمۆ و زەنجەبیل، دارچینی، چای سەوز و هەر چایەك گوایە دەبێتە هۆی دابەزاندنی كێش بە تەنها نابنە هۆی كەمكردنەوەی كێش و نەهێشتنی ورگ بێ كەمكردنەوەی بڕی خواردن و وەرزش، راستە ئەو گیراوانە یارمەتی سووتاندنی وزە دەدەن بەڵام كاریگەریان زۆر كەمە لەڕووی زانستییەوە و لە بیرمان نەچێت ئەو بەرهەمانە لە دەرەوەی كوردستان هاوردە دەكرێن و كوالیتیان نزمە، بەڵام خواردنیان بۆ تەندروستی باشە.
٦ ـــ خواردنم زۆر كەمە و دانابەزم ؟ : چونكە هیچ وەرزش ناكەیت و وزە كەم سەرف دەكەیت یان ڕەنگە هۆكاری تری هەبێت وەك تێك چوونی هۆرمۆنەكان ، شەونخوونی ، نەخواردنی ژەمی بەیانی لە كاتی خۆی دا ، نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو ، هتد . - خواردنەوەی چەند پەرداخێك ئاوی گەرم بەیانیان بە گەدەی بەتاڵ، هیچ كاتێك بە تەنها نابێتە هۆی دابەزاندنی كێش، بەڵام خواردنەوەی یەك پەرداخ ئاو نیو كاتژمێر پێش ژەم و یەك پەرداخ ئاو هەموو كاتژمێر لە نێوان ژەمەكان یەكێكە لە بنەما سەركییەكانی سەركەوتنی هەموو رجیمێك.
-كار كردنی ناو ماڵ لە ئێستادا جێگای وەرزش ناگرێتەوە و بە تەنها نابێتە هۆی دابەزاندنی كێش بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە.