رێبوار حەمەلاو شوانی
مێژووی خەباتی چەکداری و سیاسی نەتەوەکەمان لە سەر ئاستی کوردستانی گەورەدا گەواهیدەری خەبات و قوڕبانیدانی ڕێبازی بارزانی و بارزانییە لە دوێنی وئەمرۆ وسبەیشدا لە پێناو پاراستنی شکۆ و ئیڕادەی سیاسی و ناسنامەی نەتەوەکەمان هەر ئەوەشە کە لەگەڵ ئەوەی کە سەرکردایەتیی کردن و بەرپرسیاریەتییکردنی ئەو کاروانە کارێکی سەخت و دژوار بووە لە هەمانکاتیشدا پشکی شێری هەموو ئەو شانازیی و سەروەریانی بۆ کورد وکوردستان بەرکەوتووە .
سەردانی گەورە بەرپرسانی ناوچەکە و جیهان و دەستبەردارنەبوونیان لە هەرێمی کوردستان و ئەو جۆرە ئیدارەدان و سیاسەتکردن و دیپلۆماسیە و مامەڵەکردنیان لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بووەتە جێگەی سەرنج و بایەخی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بە جۆرێک کە رۆژ بە رۆژ ئاستی متمانە و پەیوەندی و بەرژوەندییە هاوبەشەکان دەچنە قۆناغی گرنگ و گەشەسەندوو وبەهێزەوە ، بەتایبەتی کە گەلی کوردستان بە هۆی بوونی سەرکردایەتییەکی دڵسۆز و ژیری وەک بارزانی توانیوێتی قۆناغی سەخت و ئاڵۆز بەرەو کەناڕی دڵننیایی دەرباز بکات ، بەتایبەتی ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لە سەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەشی لەگەڵ ئەوەی زۆرجاریش گرژی وئاڵۆزی لە نێوان دراوسێیەکانی هەرێمی کوردستان دروستبووە و بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەرێمی کوردستان بە دیپلۆماسی و سیاسەتی حەکیمانەی خۆی بەربەستەکانی تێپەڕاندووە بەرەو قۆناغێکی باشتر و گەشەسەندووتر ، ئەوەش زیاتر هۆکار بووە بۆ بەهێزبوونی سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی ناوچەکەدا .
دیداروکۆبوونەوەی سەرکردە وگەورەبەرپرسانی ناوچەکە و دراوسێ لە ژێر ئاڵایی کوردستان ، ئاماژەیەکی روونی دانپێنانی هەرێمی کوردستانە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە کە ، لەو نێوەدا ، رۆڵ و کاریگەری سەرۆک بارزانی ، وەک ڕێبەرێکی کارێزما لە سیاسەت و دیپلۆماسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کاریگەری بەهێزی هەبووە ، بەتایبەت لە باردۆخێکی هەست و سەختدا کە باڵی بە سەر ناوچەکەدا کێشاوە ، هەرێمی کوردستان زیاتر دەچێتە قۆناغێکی سەقامگیر وئاڕامەوە لەرووی سیاسی و ئابووری و ئەمنیشەوە ، بەتایبەتی سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و یاسایی ودەستووری دەردەخات و هۆکاریش دەبێتە تا لە سەر ئاستی نێوخۆیی ونێودەوڵەتیشدا زیاتر پێگەی بەهێزتر بێت .
روون وئاشکرایە ، کەسایەتی و کاریگەری سەرۆک بارزانی و توانا و رۆڵی بەهێزیان لە دارشتنەوەی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە و بەتایبەتی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و گەڕانەوەی سەرکردە و گەورە بەرپرسانی و ناوچەکە وجیهان و پرس و راوێژ لە بابەتە گرنگ و هەستیارەکاندا ، ئاماژەیەکی ئەرێنین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرەوپێشڤەبردنی پەیوەندییەکان و سەقامگیری و ڕێککەوتنی ئابووری بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە هەولێری پایتەخت هەمیشە رژد بووە لە سەر گرنگی گفتوگۆ و دیپلۆماسی لە ناوچەیەکی پڕ کێشەدا ، لەو نێوەدا ڕۆڵ وکاریگەری کەسایەتیی سەرۆک مسعود بارزانی کە پارێزەری ئاڵا و قەوارەیە ، چ لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان گرنگ و مێژووییە بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئاستی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری هاوبەش لە نێوان کوردستان وعێراق و دراوسێیەکان بەتایبەتی کۆماری تورکیا .
یەکەم ، ، سەرۆک بارزانی هێزێکی داینەمۆی بونیاتنەربووە بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی تایفی و مەزهەبی و ململانێیەکان و ڕێگریکردن لە هەڕەشەی تیرۆز ئەوەش بۆ پاراستنی مافی هەموو گەل و پێکهاتەکانی عێراق و کوردستان زۆر پڕ بایەخ و لەجێگەی خۆی بووە.
دووەم ،، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی ، بەهۆی ئەو کەسایەتییە بەهێز وکارێزما و خاوەن ئەزموون وسەرکردایەتییکردنەی لە رابردوو و ئێستا و داهاتووش گشت هەوڵەکانی لە پێناو بەدەستهێنانی مافەرەوکانی کورد و کوردستان بووە ، لە پێناو فەراهەمکردنی ئاشتی و سەقامگیری زیاتر و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و پردەستکەوتر بۆ هەرێمی کوردستان .
سێیەم ،، بەتایبەتی رۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی پارچەکانی تریش لە پێناو کۆتایی هێنان بە شەڕ وئاڵۆزییەکان لە ساڵانی رابردوو و ئێستاشدا بۆ ئەوەی بەریەککەوتنەکان و گرژییەکان کۆتاییان بێت و ئاشتی شوێنی جەنگ و کوشتار و وێرانکاری بگرێتەوە ،چونکە سەقامگیری هۆکاری گەشەسەندن و پێشکەوتنە لە گشت روویەکەوە و شوێن دەستی هەوڵەکانی بارزانی لە باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لە رابردوو دیاروبەرچاون.
چوارەم ،، لە رابردوو و ئێستاشدا ، سەرۆک بارزانی بێ وچان کاری لە پێناو بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە ناوچەیی ونێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لەو ڕێگەوە توانیوێتی پەیوەندی گرنگی ستراتیژی و ئابووری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهان بەتایبەت لەبواری وزە وئابووری بونیات بنێت لە پێناو زیاتر سەقامگیری و پشتیوانیش بۆ هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری .
کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بە ڕۆڵی سەرۆک مسعود بارزانی وەک ڕێبەر و کەسایەتی کارێزما وهەوێنی ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .