شەهلا سۆفی-زاری کرمانجی:
ئەمیر سەلیم بەڕێوەبەری نەوت وکانزاکانی سۆران بە زاری کرمانجی ڕایگەیاند: “لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیکەی حەفتا و پێنج بریکاری دابەشکردنی غاز هەیە لەگەڵ حەوت کارگەی غاز بە هەر شەش قەزاکانەوە ،چەند دوکانێک دیاری کراوە بۆ ئەوەی هاوڵاتی لە کاتی پێویست لەو شوێنە غاز بە دەست بێنێت کە هەر بە نرخی هەشت هەزار و پێنج سەد دینارە.”
ئاماژەی بەوەش کرد:” هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ قائیمقامی قەزای سۆران کۆبوونەوەیەکمان کرد و توانیمان کێشەی کامی غاز چارەسەر بکەین لە سنووری سۆران،کێشەی سەرەکی ئێمە کەمی غازە نەک کەمی کارگەی غاز چونکە تا کارگە زیاتر بێت چاودێری کردنیشی سەخت تر دەبێت و کرێکاری زیاتریشی دەوێت، ئێستا ناچار نەبوون غازی بازرگانی هاوڕدە بکەین .”
گووتیشی: ” چەند هەفتەیەک پێش ئێستا سێ بریکاری غاز سزادراون بە پێبژاردن و کارنەکردن، چونکە غازیان لە نرخی دیاری کراو زیاتر فرۆشتبوو ،هەروەها لە شوێنێک کارییان نەکردبوو کە بۆیان دەستنیشان کرابوو بۆیە سزا دران،داوا لە هاوڵاتییان دەکەین لە هەر شوێنێک سەرپێچی هەبوو لە نرخی غاز ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر بکەین.