زاری کرمانجی-سۆران:
بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە رێكخستنەوەی شەقام و شۆستەكان و جوانكردنی سیمای شار بەڕێوەچوو.
ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاویکردووەتەوە، لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان و جوانتركردنی سیمای شار و پەیوەست بە سەرجەم شەقامە سەرەكی و لاوەكییەكان، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتەدا، داوای کردووە دەرخستەیەكی تایبەت ئامادە بكرێت، بۆ رێكخستن و جوانكاریی شۆستەكان، دورگەی ناوەڕاستی شەقام، رووپۆشكردنی چەندین وایەری سەرەكی كارەبا لە شوێنە جەنجاڵەكان، هاوكات رێكخستنەوەی ڕێڕەوەكانی پیادەی هاووڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كۆبوونەوەکەدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران برٍیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، داواشی لە هاوشارییان كرد، هاوكاریی لیژنەی راسپێردراو بن بە ئامانجی جێبەجێكردنی كارەكان و خزمەتكردنیان.
لە كۆبوونەوەکەدا هەریەكە لە قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، سەرۆكی شارەوانی سۆران و تیمی ئەندازە بەشداربوون.