مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
توماج ساڵحی، ڕاپەر و هونەرمەندی ناڕازی كە لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) دەستبەسەر كرابوو، لەلایەن لقی یەكی دادگای شۆڕشی ئیسفەهان بە تۆمەتی دروستكردنی فەسادی لەسەر زەوی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.
مستەفا نیلی پارێزەری توماج لە پلاتفۆرمی ئێكس هەواڵی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی توماجی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند ” دادگەی باڵا سزای لەسێدارەدانی بەسەر توماچ ساڵحی سەپاند، كە خراپترین سزایە.”
پێشتر ناوبراو بە تۆمەتی”سووكایەتی بە خومەینی” و “پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە دژبەرەكان” و بەشداریكردنی لە شۆڕشی ژینا ئەمینی، سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، دوای یەك ساڵ بەندكردن و بەڕێكردنی 252 ڕۆژ لە ژووری تاكەكەسی، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران سزاكەی ڕەت كرایەوە، بە دانانی بارمتە هەتا كاتی كۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییكردنەكەی و بە شێوەی كاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەسفەهان ئازاد كرا و دوێنێ چوارشەممە 24ی نیسان، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەسفەهان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.