مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی پیاوان ڕاگەیاند ساڵانە 10 بۆ 15 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە پیاوان لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە ئەنجام دەدرێت و دەشڵێت لە ئێستادا لایەنی چارەسەر و بە یەكگەیاندنەوەی هاوسەران لەلایەن باوانی هەردوولا لاواز بووە و كێشەكان ڕاستەوخۆ دەبرێنە دادگا.
بورهان عەلی سەرۆكی یەكێتیی پیاوان، باس لەوە دەكات بە هۆی كێشەی خێزانییەوە پیاوان قوربانی دەدەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوەو دەڵێ “زۆر جار ئەگەر كێشەیەك لەنێوان خێزان ڕوو بدات، یان دەبێت پیاوەكە لە ماڵ بچێتە دەرەوە یان ئافرەتەكە، لەوانەیە دەرچوونی پیاوەكە گەڕانەوەی ئاسانتر بێت، وە یان شوێنی مانەوەی بە ئاسانی دەست بكەوێت لە دەرەوە، بەڵام كاتێك ژن لە ماڵ چووە دەرەوە منداڵەكانیشی لەگەڵدایە و ڕاستەوخۆ دەچێتەوە ماڵە باوانی، بەداخەوە لە ئێستادا هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان و قسەی خێر و بە یەك گەیاندنەوەی هاوسەرە لێك تۆراوەكان كەمتر بووەتەوە و ڕاستەوخۆ كێشەكە دەبرێتە دادگا و بە زوویی لێك جیا دەبنەوە.”
سەرۆكی یەكێتیی پیاوان باس لەوەش دەكات ئەمساڵیش وەكوو ساڵانی ڕابردوو پیاوان ڕووبەڕووی ئەشكەنجە و توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە.
دەشڵێت “ئەگەرچی بەشێك لە پیاوان كاتێ ماڵەكانیان جێ دەهێڵن ڕوو لە باخ و ڤێلاكانیان دەكەن بۆ مانەوەیان،”
بەڵام بەشی زۆرییان بێ پەناگە دەمێننەوە هەر وەكوو بورهان عەلی ئاماژەی بۆ دەكات، بۆیە ئەو شوێنێك یان سەنتەرێكی تایبەت بە داڵدەدانی پیاوان بە پێویست دەبینێت و دەڵێ “تا ئێستا شوێنێك یان سەنتەرێك نییە بۆ پیاوان كاتێك لە ماڵ دەردەكرێن لەوێ بمێننەوە تا ڕێگە چارەیەك بۆ كێشەكانی دەدۆزرێتەوە.”