زاری كرمانجی – ڕانییە :
پۆلیسی ڕاپەڕین خاوەنی دەرمانخانەیەكیان لە حاجیاوا بە تۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر منداڵێكی تەمەن هەشت ساڵان دەستگیركردووە.
لە ڕاگەیاندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێ “كەسوكاری منداڵێك لە قەزای حاجیاوا بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵەكەیان، سكاڵایان لەسەر خاوەنی دەرمانخانەیەك تۆمار كردووە و دوێنێ دووشەممە تۆمەتبارەكە دەستگیركراوە.”
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، منداڵەكە بەمەبەستی پشكنینی پزیشكی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە كراوە و تاوەكوو ئێستا ئەنجامی پشكنینەكان دەرنەچوون.
كەسوكاری منداڵەكە قسەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن كردووە و دەڵێن “ئێوارەی ڕۆژی 21ی ئەم مانگە كوڕە تەمەن هەشت ساڵانەكەیان كە قوتابی قۆناخی دووی بنەڕەتییە چووەتە دەرمانخانەكە، لەلایەن خاوەنی دەرمانخانەكەوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر.”