شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی تایبەتمەندیی هەناسە و سییەكان، لە تۆڕەكۆمەڵایەتی فەیسبووك لە هەژماری تایبەتی خۆی، باس لە كوتان دژ بە نەخۆشییەكانی ڤایرۆسی دەكات.
د. زانا دزەیی، دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی هەناو و دكتۆرا لە پسپۆڕی وردی هەناسە و سییەكان، لە هەژماری تایبەتی خۆی سەرنجی خستە سەر ئەو ئامارانەی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق، سەبارەت بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، بە بەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق، كەمترین رێژەی كوتانی دژ بە نەخۆشی درمی ڤایرۆسی سورێژە (سۆریكە) یان پێكوتەی سیانیی MMR -سورێژە، ملەخڕێ (گێ رەپە)، سورێژەی ئەڵمانی، لە هەرێمی كوردستانە، بە تایبەت پارێزگای سلێمانی كە لە یەكەم رۆژی هەڵمەتی نیشتمانی پێكوتەی دژە سورێژە، تا ئێستا تەنها 19٪ی منداڵان پێكوتەكەیان وەرگرتووە، زۆرترین كوتان لە پارێزگاكانی باشووری عێڕاقە.
ئەم پزیشكە، ئاماژەی بەوەشكرد” گرنگە چەند پەیامێكی زانستیی دروست بزانین لەسەر نەخۆشی سورێژە و ڤاكسینەكەی، لەوانە:
- نەخۆشی سورێژە، بە سەرەكیتریین نەخۆشیی درمی ڤایرۆسی دادەندرێت، بەجۆرێك زۆر خێرایە لە بڵاوبوونەوە و ئەگەر كەسێك بەركەوتەی دە كەس بێت، ئەوا نۆ كەسیان تووشی هەوكردن بە ڤایرۆسەكە دەبن، هەوكردنی سییەكان و مێشك، بە هۆكاری سەرەكیی مردن دادەنرێن.
- پێش دۆزینەوەی ڤاكسینی سورێژە لە شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی رابردوو، نەخۆشییەكە بە یەكێك لە سەختترین نەخۆشییە درمییەكان دادەنرا و رێژەیەكی زۆر لە تووشبووان یان دەمردن یاخود تووشی ماكە درێژخایەنەكانی نەخۆشییەكە دەبوون، ژمارەی مردووان بەتایبەت لە جیهانی سێیەم، ساڵانە 2.5 ملیۆن منداڵ بوو، دوای دۆزینەوەی ڤاكسین، رێژەكە كەمتر بوو لە 140 هەزار مردوو لە ساڵێكدا.
- تەنها ڤاكسین كردن دەتوانێت بە تەواویی كۆتایی بە نەخۆشییەكە بهێنێت، ئەمیش بەجۆرێك دەبێت زیاتر لە 90% ی ئەو منداڵانەی كە پڕۆگرامی ڤاكسینەكە دەیانگرێتەوە، دەبێ وەریگرن.
- ڤاكسینی سورێژە یان سیانیی ڤاكسینێكی سەلامەتە و پێچەوانەی ئەو باوەڕەی كە دەگووترێت منداڵ تووشی ئۆتیزم دەكات، هیچ بنەمایەكی زانستیی نییە، بە پێچەوانەوە ئەو منداڵانەی كە تووشی هەوكردنی سورێژە و ماكی نەخۆشییەكە دەبن لەسەر كۆئەندامی مێشك و دەمار، رێژەی تووشبوون بە ئۆتیزم لەنێویاندا بەرزە.
- هەندێ گروپ لە منداڵان نابێ ڤاكسینی سورێژە وەربگرن وەك، ئەوانەی هەستیاریی تووندیان بەرامبەر پێكهاتەی ڤاكسینەكە هەیە، سیستەمی بەرگریی لەشیان بە هەر هۆكارێك كەم بووبێتەوە وەك نەخۆشانی شێرپەنجە، ئەوانەی دەرمانی كەمكردنەوەی بەرگریی لەش بەكاردەهێنن یان چاندنی ئۆڕگانێكیان بۆ كراوە و… هتد.