مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی تەندروستی سعوودیە هۆشداری بەو كەسانە دەدات كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و داواش لە وڵاتان دەكات بارودۆخی تەندروستیی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگرن بەر لەوەی گەشتی حەج بكەن.
وەزارەتی تەندروستی سعوودیە ڕاگەیاند “پێویستە وڵاتان بەر لە بەڕێكردنی حاجییان، تەواو دڵنیا بن لە دۆخی تەندروستییان، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان گورچیلەیان لەكار كەوتووە و دڵیان لاوازە و بە تەمەندا چوون.”
دەشڵێت “پێویستە ئەو حاجییانە، دەرمانی پێویستیان پێ بێت.”
هاوكات وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و سەرجەم مەرج و ڕێنمایییەكانی وەرزی حەجی ئەمساڵیان دیاری كردووە كە بریتین لە كوتان دژی نەخۆشی و چەند پێشنیارێك.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی حەج و عومرە هاتووە “ئەو حاجییانەی لە دەرەوە دێن بۆ ئەنجامدانی حەج دەبێت ڤاكسینی تا و سەرئێشە وەربگرن كە جۆری ڤاكسینەكە لە ١٠ ڕۆژ كەمتر و پێنج ساڵ زیاتر نەبێت.”