زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەردەبڕێت و داوا لە ڕۆژنامەنووسان دهكات پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی (126)مین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی (میر میقداد بەدرخان) و (26)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان؛ “به گەرمی” پیرۆزبایی لە تهواوی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەکات و، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازێت.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، “لەم یادەدا داكۆكی له زهمینه و ژینگهی هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا دهكهمهوه بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاریانه ڕۆڵی پیشەییی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسی و کرانەوەی كۆمەڵگەدا”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان دهكهم پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن له ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته و زمانی زبر، ههروهها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگیریی سیاسی و پارێزهری بهرژهوهندیی باڵای گهل و نیشتمان بن”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییهکانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت، دووپاتیشی دەکاتەوە، “دەبێ لایهنه پهیوهندیدارهكان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كهیسێكی بواری ڕۆژنامەوانیدا بکەن”.
لە کۆتایی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، “سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامهگەریی كوردستان تەرخان كرد”.