شەهلا ڕەشید- سۆران :
وەزارەتی تەندروستی، چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەركرد، كە لە هەشت خاڵ پێكهاتووە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند” لە پێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاریی چاودێریی سەرەتایی تەندروستی، بە گشتی و چاودێریی دایكایەتی و منداڵان، بە تایبەتی بۆ ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ڕێكلام بۆ تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵانی تەمەن 1 بۆ 10 ساڵ دەكەن، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی دا، كە تێیدا دەبێت ڕەچاوی خاڵەكان بكرێن و پابەندیان بن:
دەقی بڕیارەكەش دوابەدوای هەر دوو فەرمانی وەزاریمان ژمارە (2949)لە 17/5/2022 و (7620) لە 15/11/2023 پاڵپشت بە مادەی (2) بڕگەی (3) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی ژمارە (15) ی ساڵی 2007 لە پێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاریی چاودێریی بەرایی تەندروستی بە تایبەت چاودێریی دایكایەتی و منداڵان، بە مەبەستی ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ڕێكلام بۆ تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵانی تەمەن (1 تا 10)ساڵی دەكەن، بڕیارمان دا كە هاوشێوەی شیری منداڵان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
بەم شێوەی خوارەوە:
- پێویستە لە سەر كارمەندانی نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان، ڕێنوێنی دایكان بكەن شیری دایك بدەن بە كۆرپەكانیان.
- بە هەموو شێوەیەك قەدەخەیە كە هیچ جۆرە شیرێك یان تەواوكەری خۆراكی لە نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و بنكە تەندروستییەكان و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان بدرێت بە هاووڵاتییان.
- بوونی (مروج)ی كۆمپانیاكان لە نەخۆشخانەكانی حكومی و ناحكومی، سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان و هەر دام و دەزگایەكی تەندروستی، ڕێكلامكردن بۆ شیر یان تەواوكەری خۆراكی بە هەموو شێوەیەك قەدەخەیە.
- .هەر پزیشكێك یان كارمەندێكی تەندروستی یاخود فەرمانبەرێك، ڕێكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەكرێت بە سزادان و گواستنەوەی لەو شوێنە.
- هەر خۆبەخشێك كار لەگەڵ كۆمپانیای شیر یان تەواوكەری خۆراكی بكات كۆتایی بە ڕاژەكەی بهێنرێت و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بگرێتە بەر.
- بە هەموو شێوەیەك قەدەخەیە شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان لە كافتریای نەخۆشخانەكان بفرۆشرێت و ڕێكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكرێت، لە كاتی سەرپێچیدا جگە لە ڕێكاری یاسایی كۆتایی بە گرێبەستەكەی دەهێنرێت.
- هەر چالاكییەكی زانستی كە لەلایەن كۆمپانیاكانی شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان ڕێك دەخرێت، پێویستە ڕەزامەندی پێشوەختەی لە وەزارەتی تەندروستی، بەشی چاودێریی خۆراك وەربگیرێت، نابێت هیچ فەرمانبەرێكی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەشداری لەم چالاكییانە بكات، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی توند دەبنەوە.
- بەڕێوەبەر و لێپرسراوی كارگێڕی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان، بەرپرسن بەرامبەر جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی توند لە بەرامبەریان دەگرێتە بەر.