سۆما پوورمحەمەدی، مامۆستای زمانی كوردی سزای 11 ساڵ بەندكردن و دوورخستنەوە بۆ شاری كرماشانی بۆ دەرچوو.
ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند” سۆما پوورمحەمەدی، لە چالاكانی مەدەنی، مامۆستای زمانی كوردی و هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێكخراوی فەرهەنگی- كۆمەڵایەتیی (نۆژین)، لەلایەن لقی یەكی دادگای شۆڕشی سنە بە دادوەریی دادوەر كەرەمی، بە تۆمەتی (درووستكردنی كۆمەڵە و گرووپ بە مەبەستی تێكدانی ئاسایشی وڵات)، بە 10 ساڵ بەندكردن و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی كرماشان، سزا درا.”
ئەم رێكخراوە ئاماژەی بەوەش داوە ” سۆما لە دۆسیەیەكی دیكەش بە تۆمەتی (تێكدانی ئاسایشی گشتی) لەلایەن لقی 106ی دادگای تاوانەكانی شاری سنە، بە یەك ساڵ بەندكردن سزا درا”.
دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەكانی سۆما پوورمحەمەدی بەڕێوە چوون و ئەمڕۆ دوای سێ ڕۆژ سزای سەپێندراو، بە فەرمی پێی ڕاگەیەنرا.
سۆما پوورمحەمەدی، بە بڵاوكردنەوەی پۆستێك لە لاپەڕەی (ئینستاگرام)ی خۆی نووسیویەتی: ” ڕۆژی دانیشتنەكە بە منیان گووت، كە سزاكەی پێشتر دەر كراوە.”
سۆما پوورمحەمەدی تەمەن 35 ساڵ، ساڵی ڕابردوو لەكاتێكدا، كە بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەكەی بەناوی (ئیدریس مێنبەری) سەردانی دادگای كردبوو، دەستبەسەر كرا و دوای27 ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەك ملیار تمەن بە شێوەیەكی كاتی، تا كۆتایی هاتنی دادگاییەكەی، ئازاد كرا.