مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سیستەمی گەڕاوەی نیشتمانی (NRM)، پشتیوانی و پاڵپشتیی ئەو هاووڵاتییانە دەكات كە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە كوردستان.
ناز جەلال، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند “سیستەمی گەڕاوەی نیشتمانی(NRM) لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان، بە پاڵپشتیی دارایی یەكێتیی ئەورووپا و ڕێكخراوی ION ی نێودەوڵەتی بۆ كۆچ دانراوە.”
دەشڵێت “سیستەمەكە وەكوو چەترێكە و هەموو لایەنە خزمەتگوزارییەكانی لەخۆگرتووە، بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، بۆ هاوكاریكردنیان و تێكەڵبوونەوەیان بە كۆمەڵگە.”
هاوكات محەممەد چالاك، بەرپرسی هۆبەی سیستەمەكە زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێت: “بە زووترین كات بەپێی پێداویستیی گەڕاوەكان، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی ئەو شوێنانەیان دەكەین كە پێویستییان پێیە و هاوكاریی جۆراوجۆریان پێشكەش دەكەین.”
حكومەتی كوردستان، بە هاوكاریی فەرمانگە حكومی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیییەكان و، لە ڕێگەی ئەو سیستەمەوە هاوكاریی مرۆیی، ئیداری، دۆزینەوەی كار، خولی ڕاهێنان و پێدانی قەرزی بچووك، پاڵپشتی هاونیشتمانییان دەكات كە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، تەنیا لە ساڵی ڕابردوو 198 هاووڵاتیی گەڕاوە سوودمەندبوونە لەم خزمەتگوزارییانە و بڕیارە ئەم سیستەمە لە ماوەیەكی نزیكدا لە پارێزگای دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكانیش پەیڕەو بكرێت.