شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك، دەڵێت” زۆربەی هاووڵاتییان زانیاری پێویستییان نییە دەربارەی ژەمی ئێوارە و كۆمەڵێك نازانن ئەگەر شەوان برسیان بوو چی بخۆن.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” نانخواردنی ئێوارە یەكێكە لە ژەمە سەرەكییەكان و نابێت نەخورێت، بە تایبەت پاش دەوام و تەواوبوون لە كاری رۆژانە، مرۆڤ هەست بە هیلاكی و بێ هێزی دەكات، ئەگەر بێتوو نانی ئێواران نەخورێت ئەوا شەوان دووچاری برسیەتییەكی زۆر دەبێتەوە و تەنانەت خەویش تێك دەچێت.
ئەم پزیشكە، راشیگەیاند” نەخواردنی ژەمی ئێوارە بە مەبەستی دابەزینی كێش و رێگری كردن لە قەڵەوی یاخود لەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەك شەكرە، بەرزی فشاری خوێن، كۆلیستڕۆڵ و چەورییە سیانییەكان، ئەوا نەخواردنی ژەمی ئێواران كارێكی هەڵەیە و هیچ سوودێكی نییە، بە پێچەوانەوە زیانیشی هەیە.
د. كامەران رەسوڵ، ئاشكراشی كرد” لێرەدا ئاماژە بە باشترین خۆراكەكان دەكەین بۆ ژەمی ئێواران، كە بریتین لەمانە:
-خواردنی قاپێك زەڵاتەی وەرزی چارەگێك پێش خواردن، باشترە سەوزە گەڵا تۆخەكانی وەك كەلەرم، سپێناخ، كاهوو، تەرۆزی و خەیاری تێدا بێت.
-یەكێك لەم خۆراكانە، ماسی برژاو، پەنیر یان ماستی بێ سەرتوێژ لەگەڵ نانی تیری، ئاردی بۆر یان جۆ بێت باشترە.
-یەك قاپ تەماتەی سووركراوە لە ناو یەك یاخود دوو كەوچك زەیت.
-پەتاتەیەك یان هێلكەیەكی كوڵاو و نانی تیری.
-یەك قاپ شۆڤانی كوالیتی بەرز لە ناو كووپێك شیری كەم چەوری.
-قاپێكی بچووك لۆبیا یاین نیسك یاخود نۆكاو و پاقلە، بەڵام بۆ ئەو كەسانە نابێت كە كێشەی قۆڵۆن و غازاتی زۆریان هەیە.
شەوان باشترین خۆراك لەكاتی برسیەتیش ئەمانەی خوارەوەن:
-باشترین بژاردە بریتیە لە سەوزەی وەك تەرۆزی، خەیار یان میوەیەك بە تایبەت سێو، مۆز، ئەڤۆگادۆ، هەنجیر، چوالەی سەوز، قەیسی، هەڵوژە یەك گەنمەشامی كوڵاو یاخود برژاو یانیش پیاڵەیەك چەرەز.
-دوو كاتژمێر پێش نووستن پێویستە هیچ نەخورێت.
-دوور كەوتنەوە لە خواردنەوەی چا و قاوە پاش كاتژمێر 9ی شەو.