زاری كرمانجی – سۆران:
ئەمڕۆ یەكشەممە، لە قەزای ناوەندی سۆران نرخی مریشكی زیندوو دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەبەراورد بە رۆژانی پێشتر نزیكەی هەزار دینار دابەزیووە، مریشك فرۆشێكیش زانیاری بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو.
نیدا كەمال، خاوەنی دوكانی مریشك فرۆشی لە سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ماوەی چەند رۆژێك بوو نرخی مریشك بەرز بوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەك بۆ هەر كیلۆیەك مریشكی زیندوو 3500 دیناربوو، بەڵام لەكاتی هێنانی باری نوێ نرخی مریشك دابەزیوە.
زیاتر گووتی:” لە ئێستادا نرخی هەر كیلۆیەكی مریشكی زیندوو 2600 دینارە، ئەمەش ئەمجۆرەیە كە بە باشترین جۆری مریشكە، ئەگەر مریشكەكە جوان نەبێ لەو نرخە هەرزانتریش هەیە .
وەك نیدای مریشك فرۆش، دەڵێ:” لە مانگی رەمەزان و نزیك بوونەوەی جەژن و گرانی نرخی گۆشتی سور، خواست لەسەر گۆشتی سپی بەرز بۆتەوە، ئەمەش وای كرد نرخی مریشكی زیندووش هاوشێوەی گۆشتی سور بەرز ببێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ نرخی دابەزیووە .
لە سنووری ئیدارەی سۆران بە تایبەت قەزای مێرگەسۆر، ژمارەیەك كێڵگەی بەخێوكردنی پەلەوەر و مریشكی لێیە كە گۆشتی سپی بۆ سۆران و دەرووبەری و بەشێكی پارێزگاكانی دیكەی كوردستان دابین دەكرێت .