شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت ئەوا هەموومان تووشی ژانە سەر دەبین و زۆرجار هۆكارەكانیشی سادەن، هەروەها بۆ ئەم حاڵەتە ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكەین بۆ نەهێشتنی ژانەسەر.
د. ئازاد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار، رادەگەیەنێت” هەموو تووشی ژانەسەر دەبین تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی كەمیش بێت، لەوانەیە بەهۆی چەند هۆكارێكی سادەوەش بێت، وەك وشكبوونەوە، كەمخەوی و زۆر هۆكاری دیكە، هەروەها زیاتر لە دەیان جۆری ژانەسەریش بوونیان هەیە، بۆیە لە خوارەوە سەرنج دەخەینە سەر باوترین جۆر و هەندێك رینماییش دەخەینەڕوو.
-نیوە سەرئێشە، ئەم ژانەسەرە ئازارێكی توندی هەیە و بۆ ماوەی چوار كاتژمێر یاخود چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، نیشانەكانی هەلێنجدان و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، ناڕەحەتبوون بە ژاوەژاو، بۆن، رشانەوە و ئازار.
-ژانەسەری ناوچاوان، ئازارێكی نەگۆڕ دروست دەكات بۆ ئێسكی كووڵم یان ئێسكی لووت دەگوازرێتەوە، زۆركات بەهۆی هەوكردنی جیوبەوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی رووخسار و زیادكردنی ئاوی لووت.
-ژانەسەری هۆرمۆن، ئەم جۆرە زیاتر لەو خانمانەدا دروست دەبێت كە لە سووڕی مانگانەدان، یان لە تەمەنی نائومێدی، یان ماوەی سكپڕی لە ئەنجامی گۆرینی هۆرمۆنەكانی لەشەوە دروست دەبێت.
-ژانەسەری هێشوویی، ئەم جۆرەیان لەشێوەی سووتان دروست دەبێ، بەتایبەتی پشتی سەر و دەورووبەری چاوەكان دەگرێتەوە، بەهۆی كێشە تەندروستییەكانەوە دروست دەبێت .
د. ئازاد حەسەن، ئاماژە بە هەندێك رێنمایی گرنگیش دەدات بۆ نەهێشتنی ژانەسەر كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
-زۆرێك لە هۆكارەكانی ژانەسەر وشكبوونەوەی لەشە بەهۆی نەخواردنەوەی ئاو، پێویستە رۆژانە دوو لیتر ئاو بخورێتەوە بۆ ئەوەی لەش تووشی وشكبوونەوە نەبێت.
-خەوی رێك و تەندروست.
-هەندێ لەنەخۆشانی(شەقەسەر) وا باشە بە ئەزموونی خۆیان ئەو خۆراكانە تاقی بكەنەوە كە ژانەسەرەكەیان زیاد دەكات، یەكێك لەوانە پەنیر، ماست، شیر، خواردنی برژاو(گۆشت)، مۆز، قاوە و نەستەلە، لە كامیانكە دڵنیا بوون كە ئەم حاڵەتە بۆیان دروست دەبێ ئەو كاتە نەیخۆن باشترە.