زاری كرمانجی :
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 10 / 10 / 2022 لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ مارتین یێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری، باسی لە دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و ساڵێك بەسەر تێپەڕینی هەڵبژاردنی گشتیی دەی ئۆكتۆبەری پار و هەوڵەكان بۆ ڕاستەڕێكردنی پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراق كرد.
نێچیرڤان بارزانی، بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا و بۆ درێژكردنەوەی ئەركی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، سوپاسی ئەڵمانیای كرد. هەروەها پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە كلاوس شترایش كونوسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە بردەوەدان بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و گرنگیی بەردەوامیی پشتگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاتنەكایەی حكوومەتێك كردەوە كە خزمەتگوزار و وەڵامدەرەوەی داوكارییەكانی هاووڵاتیانی عێراق بێت. هەروەها دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی داهاتوویان تاوتوێ كرد.
پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەورێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.