مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئیسرائیل وەڵامی هێرشەكەی ئێرانی دایەوە و چەندین ئامانجی لە نێو خاكی ئێران و عێراق و سووریا بۆردوومان كرد.
كاتژمێر چوار و 30 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسان، دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بەهێز لە تاران و ئەسفەهان بیستران و میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە هێرشی ئیسرائیل دەستی پێ كرد.
– ڕادیۆی فەرمی سوپای ئیسرائیل “چەند بنكەیەكی سەربازیمان لە ئەسفەهانی ئێران كردووەتە ئامانج، كە لەوێوە هێرشەكانی هەفتەی ڕابردوو كراونەتە سەر ئیسرائیل.”
– میدیای فەرمیی ئێران “دەنگی تەقینەوە لە چەند ناوچەیەكی وڵاتەكە بیستراوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند شارێك چالاككراون.”
– ئاژانسی فرانس پرێس “ئیسرائیل بە چەند درۆنێكی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردووەتە سەر ئێران.”
– ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی “بنكە ئەتۆمییەكانی ئەسفەهان بەتەواوی پارێزراو و بێ مەترسین.”
– بەرپرسانی سەربازی ئێرانی “هێرشێك بنكەیەكی ئاسمانیی هێزەكانی ئێرانی لە ئەسفەهان كردووەتە ئامانج.”
– گوتەبێژی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران “چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە ئاسمانی وڵاتەكەمان خستووەتە خوارەوە.”
– بەرپرسێكی ئەمریكا “ئاگاداری هێرشەكەی ئیسرائیلین بۆسەر ئێران و تەنیا چەند بنكەیەكی سەربازی كردووتە ئامانج نەك بنەكەی ئەتۆمی.”
– عێراق، لە نزیك شارۆچكەی ئیمام لە پارێزگای بابل دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
– سووریا، دەنگی سێ تەقینەوەی یەك بە دوای یەك لە نزیك گوندەكانی باشووری پارێزگای سوەیدا بیستراون و چەند فڕۆكەیەكیش بە ئاسمانی ناوچەكە بینراون.
تا ئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە هیچ لیدوانێك لەسەر جۆر و شێوازی هێرشەكە نەدراوە و ئێرانیش زانیاری زیانەكانی بۆردوومانەكەی نەخستووەتە روو.