رائیب زراری
درێژ كردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی كوردستانە، تەنها ئەو لایەن و كەسانە نەبێت كە دەیانویست لە ئاوی ڵێڵ ماسی بگرن.
دۆخی یەكێتی نیشتمان كوردستان بە هۆی رووداوەكانی خۆی و ئەو بێسەرووبەرییەی لە بەڕێوەبەردنی ئیدارە خۆجێییەكانەوە هەیەتی، لاوازی پێگەی بزووتنەوەی گۆڕان لە شەقام، لەڕزۆك بوونی پێگەی ئیسلامییە سیاسییەكان، هەڵێكی زۆر باش بوو بۆ نەوەی نوێ، تا بتوانێت سوود لە ناكۆكییەكان و ئەو ئاڵۆزیانە وەربگرێت و بە خەیاڵی خۆی دەنگی زیاتر لە شەقام بە دەست بێنێت، پلان و مەبەستیشیان هەر ئەوە بوو، بتوانن زۆرترین سوود لەم دۆخە وێرانەی یەكێتی و ئەوانی دی وەربگرن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، لە لێدوانەكانیان هەڵچوون و تووش بوونیان بە هێستریا دیار بوو.
ئەوان باش دەزانن رێژەی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاستێكی نەگۆڕدایە، ئەو پەڕی كورسییەك كەمتر یا سێ كورسی زیاتر دەهێنن، ئەوانەی كورسییەكانیان جێگر نییە، بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتین، بۆیە نەوەی نوێ دەیویست لەسەر كەلەكی ئەم دوو لایەنە بخوات. بەڵام گوریسەكانیان بوو بە خووری.
ئەمە لە كاتێكدایە كە یەكێتی و نەوەی نوێ بە هەموو توانا و هێزی خۆیانەوە بە هێنان و بردنی كۆمەڵێك بیانوو، نەیانتوانی بەسەر ویستی پارتی سەربەكەون، لەبەر ئەوەی پارتی ئامادە نییە بچێتە ژێر باری ویستێكی ناشەرعی لایەنێكی سیاسی كە بەهۆی هەڵەی سیاسییانەوە تووشی داڕمانی متمانەی جەماوەری بوونە.
پارتی لە رابردوو ئامادەیی ئەوەی هەبووە قوربانی بە زۆرێك لە ئیستیهقاقاتی خۆی بدات كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە مافی خۆی بووە، بەڵام تەنها لەبەر راگرتنی بارودۆخی كوردستان و پاراستنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان دەستبەرداریان بووە.
بە هەموو عورفێك زۆرینەی پەرلەمانی سەرۆكەكان دیاری و كاندید دەكەن، بەڵام یەكێتی دەیەوێت بڵێت یەك كورسیشم هەبێت، ئەوەی دەمەوێت دەبێ بكرێت بە پێچەوانەوە قبوڵی ناكەم، ئەم قسەیە ئەگەر بۆ رابردوو خاترانەی تێدا بووبێت، بەڵام ئیتر ئەو كاتە بەسەرچوو پارتی نابێت و ناكرێت دەستبەرداری مافەكانی خۆی بێت، چونكە بەرپرسیار دەبێت لە ئاست شەقام و دەنگدەرانی.
لە لایەكی دیكەشەوە ئەگەر نوێنەر یا كاندیدەكەی یەكێتی ئەوەندە قوورسایی و هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی هەبایە و لە رابردوو وەك سەرۆككۆمارێكی كورد لەسەر ئەو غەدر و زوڵمەی لە كورد كراوە بەدەنگ هاتبایە و پۆست و كورسی بۆ خزمەتی كوردستانیان بەكار هێنابایە و هەڵوێستی نواندبایە، دڵنیام سەرۆك بارزانی و پارتی نەك كاندیدیان دەكردەوە، بەڵكو شەڕیان لەسەر ئەوە دەكرد ببێتەوە سەرۆككۆمار، وەك ئەوەی جەنابی سەرۆك بۆ خوالێخۆشبوو مام جەلال كردی.