” 100 هەزار دیناریان بۆ زیاد دەبێت”
مووچەی خاوەن پێداویستییەكانی عێراق زیاد كرا، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمیش لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئامادە دەكات بۆ ئەوەی مووچەیان لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ هاوتا بكرێت.
دوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق یاسای خاوەن پێداویستی تایبەتی ژمارە 38ـی ساڵی 2013 هەمواركرایەوە و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە 170 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار زیادكرا، وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كار لەسەر ئەوە دەكات ئەم بڕیارە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و لیژنەیەكیشی بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراوە.
لە هەرێمی كوردستان 100 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە، 63 هەزار و 200 یان مووچەیان 150 هەزار دینارە، 6 هەزاو 800 یان فەرمانبەری حكومەتن و بڕی 100 هەزار دیناریان وەكو دەرماڵە پێدەدرێت. بە هاوتاكردنی مووچەكەیان، هەر خاوەن پێداویستییەكی تایبەت بڕی 100 هەزار دینار یان زیاتر دەچێتە سەر مووچەكەیان.