زاری كرمانجی-سۆران
كەسانێك لەكاتی چوونیان بۆ هێنانی ڕێواس و گیا بەهارییەكان بە گوفك و لەڕەگەوە دەریان دەهێنن و بەم شێوەیە دەیان هێنن بۆ بازاڕ و دەیفرۆشنەوە، چالاكوانانی ژینگە پارێزیش دەڵێن ئەم كارە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەو لەناوچوونی گیا بەهارییەكان.
جابر وەسمان چالاكوانی ژینگە پارێزی لە سنووری قەزای سیدەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند، بەداخەوە كەسانێك بەبێ لەبەرچاو گرتنی ژینگە، لەكاتی كۆكردنەوەی گیا بەهارییەكان لە ڕەگەوە دەریان دەهێنن، یان ڕێواس بە گوفكەوە كۆدەكەنەوەو دەیان هێننە بازاڕەكان بەمەبەستی فرۆشتنیان، ئەمەش دەبێتە هۆی كەم بونەوەو نەمان و لەناو چوونی گژووگیا بەهارییەكان لە ناوچە شاخاوییەكان”.
ئەم چالاكوانە ژینگە پارێزە داواكاریشە لە لایەنە پەیوەندیدارەكان، ڕێگە بەو كەسانە نەدەن كە بەم شێوەیە ڕێولس و گیا بەهارییەكان دەگوازنەوە بازاڕ، چونكە جگەلەوەی زیان بە ژینگە دەگەیەنێت لە هەمانكاتیشدا ئەو ڕەگ و گوفكەی ڕێواس فرۆشتنی بەهاووڵاتییان گونهاێكی دیكەیە.