هیوا ساعدی
سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موكری كوڕی سەید حەسەن شێخولئیسلامی موكری ناسراو بە هێمن، دایكی ناوی زەینەب و كچی شێخی بورهان، بەهاری ساڵی ۱۳۰۰ – ۱۹۲۱ی زایینی لە گوندی لاچین سەر بە شاری مەهاباد لە دایك بووە.
مامۆستا هێمن كە یەكێك بوو لە گەورەترین شاعیران و نووسەرانی كورد لە سەدەی بیستەمدا، لە باری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرهەنگ و ئەدەب، گەورەترین حەقی خستووەتە سەر نەتەوەكەی، چونكە لە تاریك و ڕوونی بەیانی ژیانیدا، بۆ خڕ كردنەوەی كۆماكانی ئەدەبی كوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەكانی، بە كەو كردن و هەڵاواردنی غەوارەكانی و سووركردنی خرمانی زمانی كوردی، كەوتە كار و تەنانەت گوڵ هەڵگرتنەوە و پاشەرۆكیشی بۆ خەڵكی دیكە نەهێشتەوە. ئاسەوارەكانی مامۆستا هێمن بریتین لە:
1.تاریك و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤
2.پاشەرۆك (شیعر و پەخشان).
3.توحفەی موزەففەرییە(فۆلكلۆری كوردی، كە كاری ئۆسكارمانە و هێمن وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی).
4.شازادە و گەدا .
5.قەڵای دمدم .
6.هەواری خاڵی .
7.چەپكێ گوڵ، چەپكێ نێرگز.
8.ئەفسانە كوردییەكان (كاری قەنات كۆردۆ كە هێمن وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).
9.ناڵەی جودایی ، شیعر ١٩٧٩
10.پاشەرۆكی مامۆستا هێمن ، كۆمەڵە وتار، مەهاباد ١٩٨٣
بە ئاوارەیی و دەربەدەری توانی كتێبی ناڵەی جودایی بنووسێ، ئەگەر بە جوانی لێی ورد ببینەوە، دەبینین كە ناڵە و هاوار و فیغانی دڵە، ناسۆرییە، خول دانەوە و نزا و هاوار و ئازاری ناخ و ماندوویەتی هزر و نائارامی ڕۆح و بێ تاقەتی جەستەیە بەرامبەر جودایی لە خێزان، لە خانوو، ماڵ و گوند و گەڕەك، شاخ و دەشت و دراوسێ و كەس و كار و یادگارەكانی سەردەمی منداڵی و لانەی گەورەبوون و گەلێ شتی بە نرخی دیكە كە لە یاد ناكرێن و لە دەروون دوور ناكەونەوە.
لە كاتی منداڵیدا گوێ بە حیكایەتەكانی دایە مرۆت دەگرێت، كە پیرەژنێكی دونیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلفوبێ لای سەعیدی ناكام دەخوێنێت و پێش ئەوەی ئەلفوبێی فێر بكات، بزنۆكێ و مەڕنۆكێی حوسێنی حوزنی موكریانی بۆ دەخوێنێتەوە و هێمن لە بەری دەكات و هەروەها شیعرەكانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیكەی لێ فێر دەبێت و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوكی دەینێرێتە مەهاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەكات. هێمنێكی لادێی كە جگە لە زمانی كوردی هیچی دیكەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەش كەس نەیدەتوانی بە كوردی قسە بكە، منداڵان گاڵتەی پێ دەكەن و پێی دەڵێن كرمانج، چونكە ئەو كاتە لە مەهاباد بە خەڵكی دێیان دەگوت كرمانج، هێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەركەوتنێكی زۆر باشەوە تێپەڕ دەكا و هاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوكی دەرس دەخوێنێت و تەمرینی نووسینی خەت دەكا. باوكی كە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن هەڵدەكرێت و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. هێمن كە هیچ كات خۆشی لە مەلا نەهاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێت و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورهان دەخوێنێت، بەلام ئەو خوێندنە هیچ كەڵكێكی نابێت، چونكە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورهان كە ٨-٩ نەفەر دەبن، جگە لە هەژار و هێمن تەواوی خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و ڕێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێك لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.
ساڵی ١٣٢٥ی كۆچی هەتاوی دایكی پێ لە كەوشان دەكا و پێی دەڵێ: دەبێ ژن بێنی، بەڵام هێمن نایەوێ ژن بێنێ؛ بە هەر جۆرێك بێ، دایكی، هێمن ڕازی دەكا و داوای برازایەكی خۆی بۆ دەكا و هێمن قەتی نەدیتووە، بەم جۆرە لە٢٥ی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا بووكی بۆ دادەبەزێنن و هەژار لە زەماوەندەكەیدا هەڵدەپەڕێت و بەرهەمی ئەم ژن هێنانەش كوڕێك بە ناوی سەڵاح دەبێ. ساڵی ١٣٢٧ی كۆچی هەتاوی وشكە ساڵی پێش دێ و ئەویش وەك خەڵكی دیكە دەكەوێتە چەرمەسەری و ناڕەحەتییەوە و گرانییەكی بە تەوژم ئێران دادەگرێت، زۆر كەس لە برسان دەمرن و خەڵك لەو ساڵەدا كولێرەی جۆ و هەرزن دەخۆن.
لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ی كۆچی هەتاوی كۆبوونەوەیەك لە مەیدانی شاری مەهاباد پێك دی و هێمن شیعری دە بڕۆ ئەی شاهی خائین، بەغدا نیوەی ڕێت بێ دەخوێنێتەوە. لە كوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ئەو ساڵە هێمن بە تەواوی قاچاخ دەبێت و ماوەیەكی زۆر بە كێوانەوە دەبێ و ساڵی ١٣٤٤ی كۆچی هەتاوی باوكی دەمرێت و هێمن دەڵێ:
دەردی باب مردن، دەردێكی زۆر گرانە و پیاو لە هەر تەمەنێكدا بابی بمرێت، هەست بە هەتیوی دەكات.
دوو ساڵ دوای باوكی، دایكیشی دەمرێ و ئەم ڕووداوانە بە تەواوی پیری دەكا.
بۆ جارێكی دیكە هەوای نووسینی گۆڤار بە مێشكی دادێ و بەهاری ساڵی ١٣٦٤ی كۆچی هەتاوی بەردی بناغەی گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ دادەمەزرێنێت و یەكەم ژمارەی گۆڤارەكە لە سەرەتای هاوین گەیشتە دەستی خەڵك و هێمن ئەمە دەڵێ: ئومێدەوارم ئەم سروەیە هەر بێ و هەر دڵان ببووژێنێتەوە و هەر گوڵان بگەشێنێتەوە و هەر دڵی كوردان خۆش بكا.
هێمن لەو كەسانە بوو كە تەمەنی مێردمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرهەنگ و ئەدەب و فۆلكلۆر و شۆڕش دا بەخت كرد و وەك مۆم سووتا و ڕێگای پاشە ڕۆژی بۆ ڕووناك كردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی ڕەنگینی كوردستان، مۆمی ژیانی هێمن دوایین فرمێسكی هەڵوەراند و لە٢٩ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی كۆچی هەتاوی بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێكردن و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداقسوڵتانی شاری مەهاباد بە خاكیان سپارد.