مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
* كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەمەریكا و سوودانی :
كۆشكی سپیی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەی نێوان جۆ بایدن و سوودانی ڕاگەیاندراوێكى لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردن و پێشمەرگە بڵاوكردەوە :
– بایدن و سوودانی، هەرێمی كوردستانیان وەك بەشێكی دانەبڕاو لە كۆی سیستەمی ئاسایش و سەقامگیری عێراق وەسف كردووە. هاوكات هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بوون كە بەهێزیی هەرێمی كوردستان، بە واتای بەهێزیی هەموو عێراق دێت .
– سەرۆكی ئەمەریكا پێزانینی خۆیی بۆ ڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵی سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی مووچە و دابینكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە.
– بایدن پشتیوانی خۆیی بۆ چەسپاندنی پایەكانی دیموكراسی لە عێراق دەربڕیوە، بەتایبەت بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد، دادەپەروەر و شەفاف لە هەرێمی كوردستان.
– بایدن و سوودانی جەختیان لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردەوە.
– هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان لە تێكشكاندنی داعش بینیووە.
* كۆبوونەوەی سوودانی و وەزیری بەرگریی ئەمەریكا :
هاوكات لە كۆبوونەوەی نێوان سوودانی و لوێد ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا جەخت لەوە كراوەتەوە كە پێویستە بە هاوبەشی كار بۆ پاراستنی پێگە سەرەكییەكانى عێراق لە هەڕەشە ئاسمانییەكان، لەنێویاندا ئاسمانی هەرێمی كوردستان بكرێت.
– پێنتاگۆن گرێبەستێكی 550 ملیۆن دۆلاریی لەگەڵ عێراق واژۆ كردووە. بەشێكی بۆ مەشق و راهێنانە بە پێشمەرگە و پەرەدانە بە تواناكانی .
*كۆبوونەوەی سوودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا :
لە كۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا،
– بلینكن داوای كرد هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.
– جەختی لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و كاركردن بۆ نزیكبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا كردووەتەوە.