زاری کرمانجی ـ سۆران :
ماوەی چەندین ساڵە، ژمارەیەک گوند لە سنووری قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە دەست کەمی ئاوی خواردنەوە گرفتارن و داوای چارەسەر لە حکوومەت دەکەن.
قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” ساڵانێکی زۆرە نزیکەی 100 گوند لە سنوورەکەمان گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و بەردەوام داواکاری پێشکەش دەکەن داوای دروست کردنی سەرچاوەی ئاو و نوێکردنەوەی تۆڕی دابەش کردنی ئاو دەکەن کە سەرەکی ترین گرفتی گوندنشینانی دەڤەرەکەمانە .
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، دەڵێت، خۆشبەختانە ئەمساڵ پڕۆژەیەکی گرنگی ئاو لە ناحیەی کانیەڕەش چووەتە واری جێبەجێ کردن، بەمەش گرفتی ئاوی ناحیەکە و چەند گوندێک چارەسەر دەبێ، هیوادارین بتوانین ئەو گوندانەی دیکەش ڕەزامەندی وەربگیرێت بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ئاو .
دووپاتی کردەوە، حکوومەت چەند ساڵێکە بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەی کاتی، لەکاتی وشکبوونی سەرچاوەی ئاوی گوندەکان پڕۆسەی تانکەری جێبەجێ کردووە و ئەو گوندانەی گرفتیان هەیە ئاویان بۆ دابین دەکرێت.