شەهلا رەشید_ سۆران
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر، لە بابەتێکی تەندروستیدا باس لە شێرپەنجەی کۆڵۆن دەکات و رادەگەیەنێت: کە تووشبوون بەم نەخۆشییە لەسەر ئاستی جیهان و لە هەرێمی کوردستانیش، روو لە زیادبوون کردووە، رۆژانە رێژەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان تووشی دەبن.
د. هیوا ئەبوبەکر پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر، لە نووسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندووە” شێرپەنجەی کۆڵۆن لەسەر ئاستی جیهان و لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە، بەداخەوە رێژەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان رۆژانە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.
ئاماژە بەوەش دەکات” هـاووڵاتییان ئەگەر دەیانەوێت دووربن لە مەترسییەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن ئەم رێنمایانە جێبەجێ بکەن:
– دوای تەمەنی 40 بۆ 45ساڵ پشکنینی پێشوەختە بکەن بۆ شێرپەنجەی کۆڵۆن.
– ئەگەر تەمەنت گەشتووەتە 45 ساڵ ئێمە خوازیارین تۆ دوربیت لە شێرپەنجەی کۆڵۆن و لە رێگای پشکنین و چارەسەرەکانەوە دەتوانی رێگری بکەی لە تووشبوونت بە نەخۆشییەکە تا لە قۆناغی پێشوەختە کاری تەواوت بۆ ئەنجام بدرێت و دەستنیشانی تەواوی حاڵەتەکانت بۆ بکرێت.
– 5بۆ 10ساڵ جارێک پێویستە هەناوبینی کۆڵۆن ئەنجام بدەیت.
– ئەگەر کەسێکی نزیکت لە بنەماڵە و کەس و کارت لە خوار تەمەنی 75ساڵەوە تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن بووە ئەوا رێنمایت دەکەین کە پێشوەختە هەناوبینی کۆڵۆن ئەنجام بدەیت.
– خۆتان بەدوور بگرن لە شێرپەنجەی کۆڵۆن، خواردنی تەندروست بخۆن، هەروەها دوور بکەونەوە لە جگەرە کێشان، ماددە کەحولییەکان بەکارمەهێنن و هەناوبینی کۆڵۆن ئەنجام بدەن.