ئیسماعیل ئیبراهیم
پەرلەمانی كوردستان بەهەموو تێبینییەكانی لەسەرێتی دواجار باڵاترین دامەزراوەی شەرعیی و یاسایی كوردستانە، بارودۆخی چەقبەستووی سیاسی كوردستان و هەوڵ دان بۆ سڕینەوەی لایەنێكی گرنگ لە رێگەی دەستوەردانی دەرەكی و خۆبەتاڵ كردنەوەی رقی سیاسی لە رێگەی پەرلەمانەوە چەندینجار پەرلەمانی كوردستان و شكۆكەی تووشی كێشە كردووە.
بۆ نموونە ئەو پەرلەمانەی سلێمان عەبدولڵای پیاوە قەڵەم بەدەستەكەی بەرهەم ساڵح بە هیچ ناوی دەبات (تەنها بۆ ئەوەی دڵی سەرۆك كۆمارە فاشیلەكەی خۆی پێ رازی بكات)، سەرۆكەكەی لە حزبەكەی خۆیەتی، هەڵبەتە باش دەزانین ئەو برادەرە و بەرهەم ساڵحیش ئەو بابەتانەیان لا گرنگ نییە، تەنها بەرژەوەندی و پۆستیان لا گرنگە، بینیمان بەرهەم بۆ پۆست چۆن لە یەكێتی چووە دەرەوە و حزبی دانا و هەرچی ووشە و رستەی خراب بوو لەسەر یەكێتی كردی، لە دیمانەكان دەیگووت ( من ئەوەندە بێ حورمەت)نیم، بەڵام دواتر لە پێناو بەرژەوەندی خۆی خیانەتی لە هەموو هاوڕێكانی ناو هاوپەیمانی كوردستان كرد و گەڕایەوە ناو یەكێتی، بەرهەممان لە هەموو بۆنەكان بینیووە چۆن قسە دەكات، بەڵام لە كاتی بۆردومان و تۆپبارانەكانی باشووری كوردستان نەمان بینی قسەیەك بكات.
لەسەر بڕینی بودجە لاڵ بوو، لەسەر هێنانی هێز بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان كوێر بوو، لەسەر سووكایەتی كردن بە نەتەوەی كورد لە كەركووك تا شنگاڵ كەڕ و كوێر و لاڵە، لە زۆربەی پۆستەكانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات وەك بالوێزخانە و نوێنەرایەتییەكان غەدەر لە كورد دەكرێ و پۆستیان پێ نادرێ ئەو برادەرە مێش میوانی نییە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆربەی ئەركانەی دەكەوێتەسەر شانی لە ئاستی حكوومەتی ناوەندی جێبەجێ كردووە، بەڵام حكوومەتی ناوەندی بەو پەڕی هێزەوە دژایەتی هەرێم دەكات، كەچی ئەو بەرهەمە زۆر بە حورمەتە قسەیەكی نەكردووە.
بەپێی هەواڵ و راپۆرتی هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن بە( خەندان)یشەوە حكوومەتی ناوەندی 55 ماددەیی دەستووری لە ئاست حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشێل كردووە، ئەو بەرهەم ساڵحە كە بە پێی هەموو پێوەرێك پارێزەری دەستوورە ووشەیەكی لەدەم نەهاتۆتە دەرێ، ئێنجا وەرە بەشەڕ ئەوەندە داماو یا بیر كڵۆڵ بی پێتوابێت خەڵك ئەو شتانە نازانێت و لە بیری كردووە، بە روویەكی قائیمەوە بێی پەرلەمانێك كە سەرۆكەكەی هی یەكێتییەكەی بەرهەمە بە هیچ وەسف بكەی، تەنها لەبەر ئەوەی لەو پەرلەمانە چانسی بەرهەم ساڵح بۆ بوونی بە نوێنەری نەتەوەی كورد بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار نەك لاوازە، مەحاڵە مەحاڵ.
ئەمەیە هەناسەی قەڵەم بەدەستانی كوردت بینی بەرژەوەندی خواز، كە هەر شتێك لە بەرژەوەندی ئەو و گرووپ و ئاغاكانیان نەبێت، نەك قبوڵی ناكەن، بەڵكو ئامادەن هەموو نەتەوەی كورد بە دەستكەوت و پەرلەمانیشەوە بكەنە قوربانی.
ئاساییە هاووڵاتییەكی سادە كە هۆشیاری سیاسی زۆر سنووردار بێت قسە بكات، یا هەرزەیەكی ناشارەزا یا كەم ئەزموون لە سیاسەت قسەیەك فڕێ بدات، ئەوە زۆری لەسەر حیساب ناكرێت، چونكە تەنها قات لەبەرێكی بۆینباخ بەستووی نەخوێندەوارن لە جیهانی سیاسیدا.
ئەو برادەرەش هەر لەم چوارچێوانەیە، بەڵام ئەم روونكردنەوانە بۆ وەبیر هێنانەوەیەتی تا بزانێت زۆر شتمان لەبیرە و نامانەوێ لەم دۆخەدا ( بێ حورمەت)ی بكەین .