زاری كرمانجی-سۆران:
بەشی پێشبینی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە و باران و هەورە بروسکە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە.
بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان هەور بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەگەری تاوە باران و بروسکەی کەم لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێم بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان و شارۆچکەی شنگال و دەوروبەری و هەندێک ناوچەی پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە.
هاوکات لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک هەیە، بەڵام بۆ شەو ئاسمان ساماڵ دەبێتەوە و کەشەکە جێگیر دەبێت.
هەر بۆ ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بە نزیکەی یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزم دەبێتەوە.
سەبارەت بە پێشبینییەکانی سبەی سێشەممە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش بە نزیکەی یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی پلە بەراورد بە پلە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە .