مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كچە هونەرمەندێكی كارتۆنیستێك و چالاكوانی مافەكانی منداڵان بە تۆمەتی سووكایەتیكردن بە ڕێبەری ئێران دەستبەسەركرا.
ئاتنا فرقدانی دانیشتووی تاران كە پێشتر سزای بەندكردنی بەسەردا سەپێنرابوو، جارێكی دیكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیركراو گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەكی شاریڕەی تاران.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە ئاتنا فرقدانی ڕۆژی شەممە 13ـى نیسان دوای ئەنجامدانی توندوتیژی لەبەرامبەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستگیركراوە.
محەممەد موقیمی، پارێزەری ئاتنا لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس نووسیویەتی “ئاتنا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دەستبەسەركرانی سەرەڕۆیانە، بڕیاری بارمتە دانانی قبووڵ نەكردووە و لە ئاكامدا بۆ بەندیخانەی شاری (قەرچەك) گواستراوەتەوە.”
ئەم خانمە هونەرمەندە ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی “سووكایەتیكردن بە ڕێبەر”، بۆ لقی لێپرسینەوەی خانەی دادی ناوچەی ٣٣ی تاران بانگ كرابوو و دواتر دەستبەسەر كرابوو و سزای ١٢ ساڵ و ٩ مانگ دەستبەسەركرانی بەسەردا سەپێنرابوو دواتر ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ سزای ١٨ مانگ بەندكران كەم كرایەوە.