زارى کرمانجى-سۆران:
سەرۆکی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، هێرشە مووشەک و درۆنییەکەی ئێران و باڵەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندنی شەڕە. دەشڵێت، “سەرجەم بژاردەکان کراوەن، پاراستنی خەڵکی خۆمان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە”.
ئیسحاق هێرزۆک، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، “هێرشی ئێران و باڵەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندنی شەڕە و هەموو ئەگەرێک لەبەردەمماندا کراوەیە.” ئاماژەی بەوەش کرد، “ئیسرائیل بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام هەموو کارێک بۆ پاراستنی خەڵکەکەی دەکات.”
سەرۆکی ئیسرائیل گووتی، “ئیسرائیل لە سەرەتای دروستبوونییەوە بەدوای ئاشتییەوە بووە. هەموو ئەم کێشانە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان پێکرد، کاتێک لقەکانی ئێران وەکو حەماس هێرشێکی خوێناوییان کردە سەر ئیسرائیل.”
ئیسحاق هێرزۆک ئەوەشی خستەڕوو، “ڕای هاوپەیمانەکانمان بەلاوە گرنگە، بەڵام هەموو کارێک بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەمان دەکەین. ئێران و باڵەکانی هێرشی فراوانیان کردە سەرمان، ئەمە وەک ڕاگەیاندنی شەڕی راستەقینە وایە دژی ئێمە. سەرجەم بژاردەکان کراوەن، پاراستنی خەڵکی خۆمان لەسەر هەموو شتێکەوەیە”.