شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی ئافرەتان، لابردنی موو بە لەیزەر كاریگەری لەسەر ئافرەتی دووگیان و كۆرپەلە دروست ناكات.
د. بنار ئەحمەد، پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایكبوون، دەڵێت” زۆرێك لە لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن بەكارهێنانی لەیزەر بۆ لابردنی موو، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر خانمی دووگیان و كۆرپەلە نییە و بەتەواوی سەلامەتە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تیشكی لەیزەر جیاوازە لەو تیشكە ئێكسانەی كە لە حاڵەتی تردا بەكاردەهێنرێن، چونكە تیشكەكانی لەیزەر ناچنە نێو چینەكانی ناوەوەی پێستەوە، بۆ لابردنی مووەكان تەنها كار لەسەر چینی دەرەوی پێست دەكەن، هەر بۆیە لەیزەر هیچ مەترسی لەسەر دووگیانی دروست ناكات.
ئەم پزیشكە، روونیشیكردەوە” هەرچەندە لەیزەر سەلامەتە، بەڵام زۆرێك لە پزیشكان پێشنیاری خانمانی دووگیان دەكەن بەكارنەهێنن، بەتایبەت ناوچەی سك، حەوز و ئەندامی زاوزێ، چونكە رەنگە ببێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان یاخود دروستبوونی ژان.