مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەشێك لە سەركردەكانی جیهان لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس (تویتەر) ی كۆن هەڵوێستی وڵاتەكانیان خستە ڕوو.

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی ڕاگەیاند ” پابەندبوونمان بە (بەرگریكردن) لە ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر هەڕەشەكانی ئێران و بریكارەكانیدا دووپات دەكەینەوە.”

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا “هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك، مەترسییەكی جددییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و بە هەموو شێوەیەك ئیدانەی دەكەین.”

ڕیشی سوناك سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا “شانبەشانی هاوپەیمانەكانمان، بە پەرۆشەوە كار دەكەین بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری دۆخەكە و ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی زیاتر، چونكە كەس نایەوێت خوێنڕشتنی زیاتر ببینێت و لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەبین لە بەرگریكردن لە ئاسایشی ئیسرائیل.”

ستیڤان سیجۆرنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا “ئەم هێرشەی ئێران ناسەقامگیریی و مەترسیی هەڵكشانی سەربازیی لە ناوچەكە زیاتر دەكات، فەرەنسا پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دووپات دەكاتەوە.”

ئانالینا بایربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا “بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە دەكەین، كە ڕەنگە تەواوی هەرێمێك بخاتە ناو ئاژاوەگێڕییەوە، بۆیە دەبێت ئێران و بریكارەكانی دەستبەجێ ئەم هێرشە بوەستێنن.”

ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا “بە سەرنج و نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو شتانە دەكەین كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدەن و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری قسەم كردووە، حكومەت ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ هەر جۆرە سیناریۆیەكدا بكات.”